ئەمریکا هەموو هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکراینا راگرت

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رایگەیاند، ئیدارەی ئەمریکا هەموو هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکراینا راگرت و ئەوان، هەموو سەرنجێکیان لەسەر ئاشتییە.

ئازاری 4, 2025 - 10:28
ئەمریکا هەموو هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکراینا راگرت

بەرپرسە باڵاکە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە فۆکس نیوزی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا "راشکاو بووە کە هەموو سەرنجێکی لەسەر ئاشتییە و پێویستمان بە پابەندبوونی هاوبەشەکانیشمانە بەو ئامانجەوە." ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کرد، "هاوکارییەکانمان رادەگرین و پێداچوونەوەیان بۆ دەکەین بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە چارەسەر."

 راگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا لەکاتێکدایە؛ پێشتر چەند جارێک سەرۆکی ئەمریکا گوتوویەتی گفتوگۆی راگرتنی هاوکارییەکانیان نەکردووە، بەڵام رەتیشی نەکردووەتەوە ئەو هاوکارییانە رانەگیرێن.

 ئۆکراینا زیاتر لە سێ ساڵە لە جەنگدایە لەگەڵ رووسیا، لەو کاتەوە واشنتن نزیکەی 66 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازیی پێشکێشی کیێڤ کردووە. لەدوای دەستبەکاربوونەوەی ترەمپ لە مانگی یەکی ئەمساڵدا وەک سەرۆکی ئەمریکا، واشنتن لە مۆسکۆ نزیک بووەتەوە.

 هەردوو وڵات چەند کۆبوونەوەیەکیان لەسەر ئاستی بەرپرسانی باڵا لەبارەی پرسە گرنگەکان کردووە، کە دیارترینیان پرسی جەنگی ئۆکراینایە، بەڵام لەو کۆبوونەوانەدا نوێنەری ئۆکراینا و ئەورووپاش بەشدارییان پێ نەکراوە.

 بەرپرسانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەیانەوێت ئۆکراینا بە زووترین کات کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت، ئۆکراینا نیگەرانە و بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن، ئامادەن گفتوگۆی ئاگربەست و رێککەوتن بکەن، ئەو کاتەی بەڵێنی پاراستنی ئاسایش و بە ئەندامبوونیان لە ناتۆ پێبدرێت.

سەرچاوە: ڕووداو