حکوومەتی هەرێم: بڕیارە تاکلایەنەی دانە غاز و کرێسنت پترۆلیۆم رەت دەکەینەوە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا بڕیاری تاکلایەنەی هەردوو کۆمپانیای دانە غاز و کرێسنت پترۆلیۆم رەت کردەوە و رایگەیاند: دەستپێکردنی دابینکردنی گازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق بە بێ رەزامەندی و ئاگاداریی پێشوەختەی ئەوان، پێشێلکردنی ئاشکرای چوارچێوەی گرێبەستەکانە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، لە 4ـی ئابی 2026، لە لایەن هەردوو کۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم و دانە غاز، کە وەک کارپێکەری هاوبەشی کێڵگەی کۆرمۆر کار دەکەن، ئاگادارکراینەوە، کە دەستیان کردووە بە دابینکردنی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی کارەبای عێراق بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە ئەم ئاگادارکردنەوەیەی تەنیا لە کاتی راگەیاندنی فەرمی و گشتیی کۆمپانیاکاندا پێگەیشتووە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری و دانەبڕاو لە کۆماری فیدراڵیی عێراق، هەمیشە پابەند بووە بە بەهێزکردنی ئاسایشی وزە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، ئەمەش لە رێگەی وەبەرهێنانی گەورە لە ژێرخانی وزە و خستنەگەڕی ئەو ژێرخانە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەموو هاووڵاتیانی عێراق جێبەجێ کراوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، هەرگیز دژی دابینکردنی گاز یان کارەبا بۆ هیچ بەشێکی عێراق نەبووینە، بەو مەرجەی ئەو جۆرە رێکخستنانە بە پابەندبوونی تەواو بە چوارچێوەی گرێبەستە کارپێکراوەکان و بە رەزامەندیی فەرمیی حکوومەتی هەرێم وەک لایەنی سەرەکیی گرێبەستکار ئەنجام بدرێن.
بە پێی راگەیەنراوەکە، ئەم هەنگاوە تاکلایەنەی کۆمپانیاکان لە کاتێکدایە کە حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی پێشکەوتنی بەرچاویان لە بەهێزکردنی هاوکارییەکانی کەرتی وزەدا بەدەستهێناوە. لە پاشخانی ئەم کەشە ئەرێنییەدا، بڕیاری تاکلایەنانەی کۆمپانیاکان بۆ دەستپێکردنی دابینکردنی گاز بەبێ ڕەزامەندی حکوومەتی هەرێم و لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی کە پرۆژەی کۆرمۆر بەڕێوە دەبات، بە پێشێلکردنی ئاشکرای گرێبەستەکە دادەنرێت، هاوکات دەستوەردانێکی بێپاساوە لەو رێکارە دامەزراوەییانەی کە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رێکدەخەن.
حکوومەت دەڵێت: کرداری کۆمپانیاکان بووەتە مایەی نیگەرانیی جیددی، بە تایبەت کە پێشتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار داوای گازی سروشتیی زیاتری بۆ دامەزراوەکانی وزەی هەرێم کردووە، کە پێویستییەکی زۆریان بە گاز هەیە بۆ دابینکردنی کارەبای پێویست بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق. بەڵام بە داخەوە، لە جیاتی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بۆ پەرەپێدان و گەیشتن بەم ئامانجە خزمەتگوزارییە، کۆمپانیاکانی کرێسنت و دانە غاز بڕیارێکی تاکلایەنەیان داوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکان ناکات.
هاوکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی ئەو بەشەی راگەیەندراوە فەرمییەکەی کۆمپانیاکان رەت دەکاتەوە کە تێیدا سوپاسی حکوومەتی هەرێم کراوە بۆ پاڵپشتیکردنی رێکارەکانی دابینکردنی گاز.
حکوومەتی هەرێم جەخت دەکاتەوە کە نە رەزامەندیی لەسەر ئەم هەنگاوە دەربڕیوە و نە رێگەی پێ داوە، بۆیە هەر ئاماژەیەک بە پشتیوانی یان پاڵپشتیی هەولێر بۆ ئەم بڕیارە تاکلایەنەیە، ناڕاست و چەواشەکارانەیە.
لە درێژەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، حکوومەتی هەرێم هەڵسەنگاندنی ورد بۆ سەرجەم لێکەوتە یاسایی، گرێبەستی و کارپێکردنەکانی کردارەکانی کۆمپانیاکان دەکات و هەموو ڕێوشوێنە گونجاوەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی مافە دەستووری و گرێبەستییەکانی خۆی، بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق لە سێکتەری وزەدا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی گاز و کارەبا؛ بەڵام تەنیا لە رێگەی ئەو رێکارە دەستووری و یاساییانەی کە لەسەری رێککەوتوون و لە رووی گرێبەستییەوە گونجاون و لە بەرژەوەندیی خەڵکدا بن.