پزیشکیان: پێشوازی لە رێککەوتن دەکەین
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، دانوستاندنەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بەرەوپێش دەچن و پرسەکانی وڵات بە ئەنجامی دانوستاندن نەبەستراونەتەوە.

رۆژی چوارشەممە 16ـی نیسانی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی هەفتانەی کابینەی حکومەت رایگەیاند، "پڕۆسەی دانوستاندنەکان بەشێوەیەکی ئاسایی بەرەوپێش دەچن، کاروباری وڵاتیش لە رێڕەوی سروشتی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و تەنانەت بۆ یەک چرکەش دواناکەون."
سەرۆککۆماری ئێران گوتی،"بێگومان ئێمە بە شێوەیەکی سرووشتی کە رێکەوتنێک هەبێت، پێشوازی لێ دەکەین". ئەوە لە کاتێکدایە دوێنێ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاندبوو،"هەوڵبدەن پرسەکانی وڵات نەبەستنەوە بەو دانوستاندنانە".
رۆژی شەممە 12ـی نیسانی 2025، بۆ یەکەمجار بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ و بەرپرسانی تاران لە عومان کۆبوونەوە. بەرپرسانی هەردوولا رایانگەیاند، گفتوگۆکان "ئەرێنی و بونیادنەرانە" بوون. سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری بە ئێران داوە، ئەگەر لەسەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نەگەنە رێککەوتن، ئەوا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر وڵاتەکە. ترەمپ پێیوایە ئێران هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەدات، بەڵام تاران ئەوە رەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە، ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
دوێنێ سێشەممە نووسینگەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئێکس بڵاوی کردەوە: "هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەبێت مەرجەکانی سەرۆکی ئەمریکای تێدابێت". نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەشڵێت: "هەر رێککەوتنێک واژۆبکرێت، دەبێت چوارچێوەیەک بۆ ئاشتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابنێت".
ستیڤ ویتکۆف داوای لە ئێران کرد، "پیتاندنی یۆرانیۆم و پڕۆگرامی دروستکردنی چەک رابگرێت و نەیانهێڵێت". گوتیشی: "زۆر گرنگە بۆ جیهان رێککەوتنێکی بەهێز و دادپەروەرانە بکەین کە درێژمەودا بێت".
ساڵی 2015 ئێران و زلهێزەکانی جیهان رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ ئەوەی تاران بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار بکات، لە بەرامبەر ئەوەشدا سزا ئابوورییەکانی لەسەر هەڵبگیرێن. بەڵام ساڵی 2018 ئەمریکا تاکلایەنە لە رێککەوتنەکە کشایەوە.
سەرچاوە: ڕووداو