سەمیر هەورامی: سبەی یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە و باس لە دابەشکردنی پۆستەکان دەکرێت
گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە. دەشڵێت: "سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغدا دەکرێت."

ئەمڕۆ چوارشەممە 16-4-2025، سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "کێشەی سیاسی و تەکنیکی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا هەیە؛ چەند جارێک شاندەکانی هەردوو حکومەت هاتووچۆیان کردووە بۆ ئەوەی کەموکورتییەکان دیاری بکەن، ئێستا گەیشتوونەتە چارەسەرکردنی یاساکان، بەڵام گلەیی و گازاندە هەر هەن."
بە گوتەی گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیران، هیوا هەیە ئەم ساڵ، ساڵی چارەسەری یەکجارەکی کێشەکان بێت. بەم نزیکانە شاندێکی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. سەمیر هەورامی گوتی: "لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە سیستمی پەیڕۆڵ ئامادەیە؛ بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیستەکە بۆ بەغدا رەوانە بکرێت و وردبینی تێدا بکرێت. تەمویلکردنی مووچەش، دەکەوێتە دوای مووچەی مووچەخۆرانی عێراق."
لەبارەی کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی داهاتوو، سەمیر هەورامی روونیکردەوە، "هەندێ کەناڵ باسی دابەشکردنی پۆستەکانیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە هیچ دانیشتن و کۆبوونەوەیەکی یەکێتی و پارتی باسی دابەشکردنی پۆستەکان نەکراوە".
سەمیر هەورامی بە رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەی سبەی باس لە دابەشکردنی پۆستەکان دەکرێت."
دەشڵێت: "ئەوەی قسەی لێکراوە رەشنووسی شێوازی حوکمڕانییەکی هاوبەشە لە کوردستان. دوای پەسندکردنی ئەو رەشنووسە، باسی دابەشکردنی پۆستەکان دەکرێت. کۆبوونەوەکانی یەکێتی و پارتی ئەرێنی بوون؛ سبەی کۆدەبنەوە."