جارێکی دیکە بە نووسراو داوا دەکرێت دەنگ بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێ

جارێکی دیکە لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق نووسراو بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکات بۆ ئەوەی لە نزیکترین دانیشتن دا دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بخاتە بەرنامەی کارەوە.

ئازاری 13, 2025 - 19:08
جارێکی دیکە بە نووسراو داوا دەکرێت دەنگ بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێ

رۆژی 9 ـی ئەم مانگە، خالید حەسەن سامەرائی، سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق، کە عەرەبی سوننەیە، نووسراوی فەرمی بۆ سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی کردووە، کە وێنەیەکی نووسراوەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، تێیدا داوای کردووە پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بخرێتە دەنگدانەوە.

خالید سامەرائیی ئاماژەی بەوەکردووە، پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە ماوەیەکی درێژە خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە، داوادەکەن لە نزیک دانیشتنی پەرلەمانە دا بخرێتە دەنگدانەوە.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە 13-03-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە نێو لیژنەکەیان دەنگی لەسەردراوە و پەسندکراوە، ئەمە دووەمین جاریشە لیژنەکەیان نووسراو بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات بۆ دەنگدان بە پڕۆژەکە. شێروان دووبەردانی،جەختی لەوەکردەوە، تەواوی هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی پڕۆژەکە لە نزیکترین کاتدا دەنگی لەسەر بدرێت.

بۆ دەنگدان واژۆی پەرلەمانتاران کۆکراوەتەوە و دراوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان. چرۆ محەممەد شەریف، نوێنەری هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق، کە نزیکەی 120 واژۆی بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای هەڵەبجە کۆکردوەتەوە و بە یاداشت ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقی. رۆژی پێنجشەممە، 13-03-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەکاتی کۆکردنەوەی واژۆکان فراکسیۆنە جیاوازەکان هەڵوێستی ئەرێنی بووە، پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆژەکە دەربڕیوە.

 سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش بەڵێنیداوە پڕۆژە نزیکترین کاتدا بخەنە دەنگدانەوە. چرۆ حەمەشەریف، کە نوێنەری هەڵەبجەیە جەخت لەوەدەکاتەوە، هەموو هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بە زووترین کارت دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام ئێستا لایەنە شیعەکان بەهۆی ناکۆکیان لەسەر پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانیان کردووە. هاوکات بەشێك لە سوننەکانیش دەڵێن، هەتاوەکو دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری هەڵنەوەشێتەوە بەشداریی کۆبوونەوەکان ناکەن.

 محەممەد عەنووز، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 13-03-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، هەموو رێکارەکانی تەواوکردووە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە، بەڵام نەک هەر ئەو پڕۆژەیە بەڵکو دانیشتنی پەرلەمان پەکی کەوتووە و زیاتر لە مانگێکە پەرلەمان ناتوانێت کۆببێتەوە. ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، کە نوێنەری پارێزگای نەجەفە پێیوایە دەبێت لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کە ئەو پرسە بڕیاری لەسەر بدرێت و یەکلابکرێتەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات. 

بە مەبەستی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، ئەم هەفتەیە بە سەرۆکایەتیی نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە شاندێک چووە بەغدا و یاداشتێکیان دایە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ سەرۆککۆماریش کۆبوونەوە. شاندەکەی هەڵەبجە پێکهاتبوو لە پەرلەمانتارانی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق، بەرپرسی کارگێڕی، کەسایەتی و مامۆستای ئایینی، کە یاداشتێکیان دایە سەرۆکی پەرلەمان. شاندەکە رۆژی هەشتی ئەم مانگە لەگەڵ مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە.

 موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری هەڵەبجە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکیش بەڵێنیان دا، لەم رۆژانەدا یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بخەنە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراقەوە و پشتیوانی بکەن".

بە گوتەی موسەنا ئەمین، بەهۆی یاسای خانەنشینی چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە، ناکۆکی کەوتووەتە نێوان شیعەکانەوە و ئەوەش بووە بە هۆکاری تەواو نەبوونی ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بۆ کۆبوونەوەکانی پەرلەمان. هەمان رۆژی کۆبوونەوەکە، قایمقامی هەڵەبجە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە شاندەکەی گوتووە: "کاتێک ئۆپۆزیسیۆنی عێراق بووە لە هەورامان ژیاوە و خۆی بە هەڵەبجەیی دەزانێت و وەک هەڵەبجەییەک پشتیوانی هەڵەبجە دەبێت؛ بەرگری لە مافی خەڵکی هەڵەبجە دەکات و ئەو پڕۆژە یاسایەش بە پڕۆژەی خۆی دەزانێت".

 نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەمانەوێ پێش ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بدات". بە گوێرەی قایمقامییەتی هەڵەبجە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڵێنی داوە توانای خۆی بخاتەگەڕ بۆ پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە و رایگەیاندووە: "وەک سەرۆکایەتیی پەرلەمان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان بێ جیاوازی یەکدەنگن کە لە نزیکترین کۆبوونەوەی پەرلەماندا پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کارەوە و دەنگی لەسەر بدرێت".

سەرچاوە: ڕووداو