سەرۆک بارزانی سوپاسی هەڵوێست و پشتیوانییەکانی ئەمریکا دەکات

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کۆنسووڵی نوێی ئەمریکا دەکات؛ کۆنسووڵە نوێیەکە رۆڵی سەرۆک بارزانی بە "ئەفسانەیی" وەسف دەکات. سەرۆک مەسعود بارزانی لە دیدارەکەدا پشتیوانییەکانی ئەمریکای لە قۆناخە جیاکاندا بەرزنرخاند.

ئاب 10, 2025 - 19:54
سەرۆک بارزانی سوپاسی هەڵوێست و پشتیوانییەکانی ئەمریکا دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام، پێشوازی لە هەریەک لە گویندەلن گرین، کۆنسووڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر و ستیڤ بیتنەر، کۆنسووڵی پێشووی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارەکەدا، سەرۆک بارزانی هیوای سەرکەوتنی بۆ هەردوو کۆنسووڵ خواست و پێزانینی تایبەتی هەبوو بۆ ستیڤ بیتنەر، کۆنسووڵی پێشووی ئەمریکا، کە "لە ماوەی کارکردنیدا رۆڵێکی بەرچاوی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، کاری هاوبەش و پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا گێڕاوە".

سەرۆک بارزانی "هەروەها پشتیوانییەکانی ئەمریکای لە دوای کۆڕەوی ساڵی 1991، رووخانی رژێمی پێشووی عێراق و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش بەرز نرخاند".

 بارەگای بارزانی دەڵێت، ستیڤ بیتنەر، کۆنسووڵی پێشووی ئەمریکا "سوپاسی ئەو پاڵپشتییەی کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا لەلایەن سەرۆک بارزانی و دامەزراوەکانی حکومەتەوە لێی کراوە بۆ راییکردنی کارەکانی". بیتنەر جەختی لە پەیوەندیی پتەوی نێوان هەردوولا کردەوە و رۆڵی سەرۆک بارزانی لە ئاساییکردنەوەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند، هاوکات تیشکی خستە سەر بارودۆخی ئێستا، هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هەر لەو دیدارەدا، گویندەلن گرین، کۆنسووڵی نوێی ئەمریکا، رۆڵی سەرۆک بارزانی بە "رۆڵێکی ئەفسانەیی" وەسفکرد و دووپاتیکردەوە کە پەیوەندیی بەهێز و دوولایەنەی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە، پرسی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و بارودۆخی سووریا.

سەرچاوە: ڕووداو