راگەیێنراوى دەستوورى سووریا رادەستى ئەحمەد شەرع کرا
کۆمیتەی دەستووریی سووریا رایگەیاند ناوی دەوڵەت کۆماری عەرەبیی سووریایە و ناگۆڕدرێت، ئیسلامیش سەرچاوەی یاسایە لە وڵات دا.

ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 13ـی ئادارى 2025) کۆمیتەى پسپۆڕانى راسپێردراو بۆ داڕشتنى راگەیێنراوى دەستوورى سووریا، رەشنووسى دەستوورى رادەستى ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر کرد.
ئەو کۆمیتەیە دەڵێ لە راگەیێندراوی دەستووریدا، پەرلەمان دەسەڵاتی یاسایی و سەرۆککۆمار دەسەڵاتی جێبەجێکارن "پەرلەمان دەتوانێت لێبووردنی گشتی دەربکات و سەرۆککۆمار، دەتوانێت باری نائاسایی رابگەیێنێت." گۆڕینی سەرۆککۆماریش بەپێی راگەیێندراوی دەستووری "لە دەسەڵاتى پەرلەماندایە."
ئەو دەستوورە بۆ قۆناخى راگوزەرە، تاوەکو دەستوورێکى هەمیشەیی بۆ سووریا دادەڕێژرێت و پەسند دەکرێت. کۆمیتەى پسپۆرانى راسپێردراو بۆ داڕشتنى راگەیێنراوى دەستوورى سووریا ئاماژەى بەوەش دا؛ بۆ ئامادەکردنى راگەیێنراوى دەستووری، پشتیان بە ئەنجامى کۆنگرەى دیالۆگى نیشتمانیی سووریا بەستووە. بەگوتەى کۆمیتەکە، راگەیێنراوى دەستوورى ئازادیی رادەربڕین، راگەیاندن و رۆژنامەڤانیی دەستەبەر کردووە، لەگەڵ جەختکردنەوە بە پابەندبوون بە یەکپارچەیی گەل و خاک و رێزگرتن لە تایبەتمەندیی کولتوورى، هەروەها مافى بەشداریى ژنانی دەستەبەر کردووە.
راگەیێنراوى دەستوورى بۆ ماوەى 5 ساڵە وەک قۆناخى راگوزەر دەبێت، تاوەکو هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا دەکرێت. ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا لە دواى وەرگرتنى راگەیێنراوى دەستوورى، گوتى "هیواخوازین ئەو دەستوورە دەروازەیەکى خێر بێت بۆ گەلى سووریا بۆ بونیاتنان و گەشەسەندن، ئەمە ببێتە مێژوویێکى نوێ بۆ سووریا کە نەزانى بگۆڕدرێت بۆ زانست و، ئەشکەنجە بگۆڕین بە بەزەیی."
سەرچاوە: ڕووداو