ئەردۆغان: دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان ریفۆرم بکات
سەرۆککۆماری تورکیا دروشمی "جیهان لە پێنج وڵات گەورەترە"ی دووپاتکردەوە و بە پێویستی زانی نەتەوە یەکگرتووەکان ریفۆرم بکات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەبۆنەی رێوڕەسمی 80 ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی دووشەممە 11-8-2025 لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا پیرۆزبایی ئاراستەی رێکخراوەکە کرد.
ئەردۆغان لە بەشێکی گوتارەکەیدا بە پێویستی زانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەتایبەتیش ئەنجوومەنی ئاسایش، بە ریفۆرمێکدا تێبپەڕێت و خۆی نوێ بکاتەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "ئەو دروشمەمان کە دەڵێت 'جیهان لە 5 وڵات گەورەترە' نوێ دەکەینەوە و دەڵێین؛ دەکرێت جیهانێک دادپەروەرانەتر بەدی بێت. لەم سۆنگەیەوە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەندام بانگهێشت دەکەم، هەنگاوی جددی بۆ ئەوە بنێن کە نەتەوە یەکگرتووەکان دووبارە ببێتەوە جێی متمانەی مرۆڤایەتی".
ئەردۆغان رەخنە لەوە دەگرێت کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان 5 ئەندامی هەمیشەیی هەیە و ئەو وڵاتانە دەتوانن رۆڵیان بەسەر جیهاندا هەبێت.
ئەردۆغان دەڵێت، جیهان لەو 5 وڵاتە گەورەترە و ناکرێت بریارەکان تەنیا لە پێنج وڵاتدا کۆبکرێنەوە.
هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا، چین، فەرەنسا و رووسیا پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانن.
نەتەوە یەکگرتووەکان
رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە و ساڵی 1945 بە ئامانجی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی جیهان، پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان گەلان، ھاوکاری و هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی دامەزرا.
گەورەترین رێکخراوی نێودەوڵەتیی جیھانە و بارەگای سەرەکیی لە شاری نیویۆرکی ئەمریکایە.، ھەروەھا ئۆفیسی دیکەی لە نایرۆبی، ڤیەننا و لاھای ھەیە.
سەرچاوە: ڕووداو