وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ رووداو: لە کاژێرەکانی داهاتوودا کارەبا ئاسایی دەبێتەوە
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، دەست بە گەڕاندنەوەی کارەبا کراوەتەوە و لە کاژێرەکانی داهاتوودا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.

عادل کەریم، بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی دووشەممە (11ی ئابی 2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هۆکاری کوژانەوەی تەواوەتیی کارەبای نیشتمانی، دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکی بوو لە هێڵێکی گواستنەوەی وزە لەنێوان بابل و موسەییب، کە کاریگەری کردە سەر وێستگەکانی کارەبا لە پارێزگاکانی دیکەش".
عادل کەریم گوتیشی: "تیمەکانی تەکنیکی ئێستا کار لەسەر چاککردنەوەی دەکەن و لە ماوەی چەند کاژێرێکی کەمی داهاتوودا سیستمەکە ئاسایی دەبێتەوە."
بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کێشەیە پێشتریش روویداوە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە کێشەیەکی لەم جۆرە رووی نەداوە. "لۆدێکی زۆر گەورە" لەسەر کارەبا لە عێراقدا هەیە.
محەممەد نیعمە، بریکاری وەزارەتی کارەبا بۆ کاروباری بەرهەمهێنان، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئابی 2025 لەبارەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "عەسری ئەمڕۆ، پچڕانێکی لەناکاو لە هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبادا روویدا، کە بووە هۆی کوژانەوەی بەشێکی زۆری سیستمی کارەبای نیشتمانی."
هەر لەوبارەوە پێشتر ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، رایگەیاندبوو: "بەرزبوونەوەی بار (لۆد) لەسەر تۆڕەکان لە کەربەلا و بابل، بووەتە هۆی پچڕانی دوو هێڵی گواستنەوەی وزە (موسەییب - بابل 400 کەیڤی) و کوژانەوەی تەواوەتیی سیستمی کارەبا."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، هۆکاری کوژانەوەکەی بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بۆ ئاستێکی پێوانەیی، زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا، هەروەها زیادبوونی لۆدەکان لە پارێزگاکانی بابل و کەربەلا بەهۆی هاتنی ملیۆنان زیارەتکارەوە گەڕاندەوە و گوتی: "هێڵەکانی گواستنەوەی وزە (موسەییب - بابل ژمارە 1 و 2 بە توانای 400 کەیڤی) پچڕاون."
هەروەها ئەوەشی روونکردووەتەوە، تیمەکانی کارەبا ئێستا لەوپەڕی ئامادەباشیدان و لە ناوەندەکانی کۆنترۆڵ ئامادەن بۆ ئەوەی لە کاژێرەکانی داهاتوودا یەکە لەکارکەوتووەکان و هێڵەکانی گواستنەوە بە قۆناخ بگەڕێننەوە سەر کار.
وەزارەتەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات کارەبای بەفیڕۆ نەدەن و لۆدەکان لەسەر تۆڕەکە کەمبکەنەوە، بەتایبەتیش لەگەڵ ئەم بەرزبوونەوە پێوانەییەی پلەی گەرما.
ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رۆژی 29ی تەمموزی2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، بەرهەمی ئێستایان 26 هەزار مێگاوات کارەبایە، لەکاتێکدا خواست لەسەر کارەبا 54 هەزار مێگاوات کارەبایە، ئەمەش واتای ئەوەیە جیاوازییەکی گەورە لەنێوان بەرهەمی بەدەستهاتوو و خواست هەیە.
سەرچاوە: ڕووداو