کەشناسیی عێراق: ئەمڕۆ پلەی گەرما دەگاتە 52 پلەی سیلیزی
دەستەی کەشناسیی عێراق دەڵێ، پێشبینی دەکرێ ئەمڕۆ یەکشەممە پلەی گەرما لە هەندێ ناوچەی باشووری عێراق بگاتە 52 پلەی سیلیزی.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی تەمموزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو شەپۆلە نزمەپاڵەپەستۆ گەرمییە وەرزییەی کە رووی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە وایکردووە پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە و کاریگەری روونی هەبێ.
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق گوتی، "پێشبینی دەکرێ نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە پلەی گەرما لە بەشێکی پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق بگاتە 52 پلەی سیلیزی، لەوانە بەسرە، زیقار و میسان".
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لە هەندێک دامودەزگای گرنگ وەک دامەزراوەکانی نەوت لەوانە لە بەسرە ئاڵای مۆر هەڵکراوە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ مەترسیداری دۆخەکە، بۆیە بەرهەمی دامەزراوەکانی نەوت کەم کراوەتەوە، ئەوەش بۆ کەمکردنەوەی گوشار و مەترسییەکان.
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند رۆژی رابردوودا پلەی گەرمای 51 پلە لە پارێزگاکانی بەسرە و سەماوە تۆمارکراوە، هەروەها لە کەرکووک 50 پلە تۆمارکراوە، بەغدا دوێنێ نزیکەی 50 بوو.
عامر جابری گوتی: "لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە پلەی گەرما کەمێک دادەبەزێ."
سەرچاوە: ڕووداو