بانکى ناوەندیى عێراق: دوو هەزار دۆلار بە نرخى فەرمى دەدرێتە حاجیان
بانکى ناوەندیى عێراق بڕیاریدا تاوەکو بڕى دوو هەزار دۆلار بە نرخى فەرمى بداتە ئەو کەسانەى ئەم ساڵ حەج دەکەن و حاجییانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

بە گوێرەى بڕیارەکە، 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەدرێتە ئەو کەسانەى حەج دەکەن. عەممار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە رووداوی گوت، پێدانی 2000 دۆلار بە نرخی فەرمی حاجیانی هەرێمی کوردستانش دەگرێتەوە. هەروەها داوای کرد، بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگییان لەگەڵ بکەن و ناوی حاجیانیان بۆ بنێرن.
ئەو بڕیارە بە گوێرەى نووسراوێکە کە بانکى ناوەندیى عێراق 30ى نیسانى 2025 ئاڕاستەى بانکەکانى رەشید، رافیدەین تى بی ئاى و کۆمپانیاکانى دراوى جۆری (A و B) كردووە.
بانکى ناوەندیى عێراق داواى لێکردوون رێوشوێنى پێویست بگرنەبەر بە زیادکردنى کارمەند لە لقەکانیان کە تایبەتن بە فرۆشتنى دۆلار بەو کەسانەى حەج دەکەن، لەپێناو ئاسانکردنى ئەو پرۆسەیە.
بۆ ئەو هەنگاوە بانکى ناوەندى چەند مەرجێکى دیاری کردووە بۆ ئەوەى ئەو دۆلارە بە نرخى فەرمى بدرێتە ئەو کەسانە، لەوانە: پێویستە مامەڵەى حەجکردنى هەبێت کە لەلایەن دەستەى باڵاى حەج وعومەرە دەرکرابێت بەپشتبەستن بە کیوئاڕ کۆد لەبرى تیکتى گەشتەکە، دەبێت مامەڵەکە پاسپۆرتەکەشى لەگەڵ بێت. پێویستە هەموو مامەڵەکانى پێدانى ئەو دۆلارە لە رێگەى سەکۆى مامەڵەى دامەزراوە داراییەکان (FITR) بێت و ئەو تۆمارکردنە بە بەڵگەنامە سەلمێنرابێت.
بە گوێرەى نووسراوەکە، ئەو بڕیارە سەرجەم ئەو کەسانە دەگرێتەوە لە رێگەى وشکانى و ئاسمانى گەشت دەکەن و لە 4ى ئایارى 2025ـەوە لە رێگەى بانکە مۆڵەتپێدراوەکانەوە دەست دەکرێت بە وەرگرتنى داواکارییەکان.
ئەم ساڵ نزیکەى 34 هەزار کەس لە پارێزگاکانى عێراق حەج دەکەن و لە هەرێمى کوردستانیش پێنج هەزار و 120 کەس دەچنە حەج.
سەرچاوە: ڕووداو