ئیدارەی ترەمپ خەرجیی بەرگریی ئەمریکا 13% زیاد دەکات
نووسینگەی بەڕێوەبردن و کاروباری بودجەی ئەمریکا پێشنیازی بودجەی وڵاتەکەی بۆ ساڵی دارایی تشرینی یەکەمی 2025 بۆ تشرینی یەکەمی 2026 راگەیاند. بەگوێرەی ئەو پێشنیازە، ئیدارەی ترەمپ 163 ملیار دۆلار، واتە 22%ی خەرجیی فیدراڵی کەم دەکاتەوە، بەڵام خەرجیی بەرگری 13% و ئاسایشی نێوخۆ 65% زیاد دەکات.

رۆژی هەینی، 2ی ئایاری 2025، رۆسێل ڤۆوت، بەڕێوەبەری نووسینگەی بەڕێوەبردن و کاروباری بودجەی ئەمریکا کە سەر بە کۆشکی سپییە لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە راگەیاندنی پێشنیازی بودجەی وڵاتەکەی رایگەیاند، "لەم ساتە گرنگەدا پێویستمان بە بودجەیەکی مێژووییە کە کۆتایی بە کەمبوونەوەی داهات بهێنێت، ئەمریکییەکان لەپێش هەموو شت دابنێت و پاڵپشتییەکی زۆری سوپا و ئاسایشی نێوخۆمان بکات."
لە راگەیێندراوی نووسینگەی بەڕێوەبردن و کاروباری بودجەی ئەمریکادا هاتووە، لەم پێشنیازەدا بودجەی بەرگری کراوەتە تریلیۆنێک و 100 ملیۆن دۆلار، واتە بە رێژەی 13% زیادکراوە و بودجەی ئاسایشی نێوخۆ 65% بەراورد بە بودجەی تشرینی یەکەمی 2024 بۆ تشرینی یەکەمی 2025 زیاترە و بووەتە 184.8 ملیار دۆلار؛ هەروەها خەرجی ناسەربازییش 23% بەراورد بە بودجەی 2017 کەمکراوەتەوە.
ڤۆوت نامەیەکی بۆ کۆنگرێسی وڵاتەکەی ناردووە و تێیدا دەڵێت، پێشنیازی بودجەیان دەبێتە هۆی پاراستنی سنوورەکان. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم پێشنیازە "ئەو بێسەروبەرییە ناهێڵێت کە لەلایەن ئیدارەی پێشووەوە بۆ سەرۆک ترەمپ جێهێڵدراوە، دەبێتەهۆی بەهێزکردنی سنوورەکان و هۆکارەکانی دیکەی بەرگری بۆ پاراستنی ئەمریکا لە داگیرکاری دەرەکی."
بودجەی ساڵانەی ئەمریکا لە 1ی تشرینی یەکەمی ساڵێکەوە بۆ 1ی تشرینی یەکەمی ساڵی داهاتووە.
بەگوێرەی پێشنیازەکە، 163 ملیار دۆلار لە خەرجیی وڵاتەکە کەم دەکرێتەوە. زۆرترین کەمکردنەوەی خەرجییەکان پەیوەندی بە ژمارەیەک پرۆگرام لەبارەی رەگەز، کەشوهەوا و هاوکاری دەرەکییەوە هەیە.
چەک شومەر، سیناتۆری دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا هێرشی کردە سەر پێشنیازی بودجەی ئیدارەی ترەمپ و گوتی، "سیاسەتەکانی ئیدارەی سەرۆک ترەمپ هیچ نین جگە لە دەستدرێژی بۆ سەر ئەو ئەمریکیانەی ژیانێکی قورسیان هەیە."
پێشنیازی بودجەی ئەمریکا بۆ کۆنگرێسی وڵاتەکە دەنێردرێت کە لە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران پێکدێت. پەسندکردنی بودجەکە پێویستی بە 50+1 ئەندامانی هەردوو ئەنجوومەنەکەیە کە کۆمارییەکان لە هەردوو ئەنجوومەنەکەدا رێژەی پێویستیان هەیە.
سەرچاوە: ڕووداو