وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا: نابێت سووریا ببێتە شوێنی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، نیگەرانن لە شەڕی سەربازانی حکومەتی سووریا و دروزەکان لە دیمەشق. ئاماژە بەوەش دەکات، نابێت سووریا ببێتە شوێنی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان.

رۆژی هەینی 2ی ئایاری 2025 وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە پێکدادانی چەکدارانی دروز و هێزی حکومەتی سووریا لە دیمەشق نیگەرانە. ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە "دڵنیایی لە پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل بدرێت."
سووریا بە دۆخێکی ئەمنیی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت. بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، ئەم هەفتەیە لە پێکدادانەکانی دیمەشقدا 102 کەس کوژراون.
لە راگەیێندراوەکەیدا وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، "نابێت سووریا ببێتە شوێنی یەکلاییکردنەوەی ململانێ هەرێمییەکان،" بۆیە "داوا لە هەموو لایەنە نێوخۆیی و بیانییەکان دەکەین ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن بنوێنن."
ئەو هەڵوێستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دوای ئەوە هات، دوێنێ پێنجشەممە 1ی ئایار ئیسرائیل بۆردوومانی نزیک کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریای لە دیمەشق کرد. ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا لەبارەی بۆردوومانەکەی ئیسرائیل رایگەیاند، "بە تووندترین شێوە بۆردوومانی دوێنێ ئێوارەی نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لەلایەن ئیسرائیلی داگیرکەرەوە سەرکۆنە دەکەین."
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیادا هاتووە، پێویستە حکومەتی راگوزەری سووریا کار بۆ "کۆتاییهێنان بە تووندوتیژییەکان" بکات؛ هەروەها پێویستە حکومەتی دیمەشق رێگەی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بگرێتەبەر و گەرەنتیی بەشداریکردنی هەموو لایەنەکان لە پرۆسەی سیاسی بکات.
وەکو لە راگەیێندراوی وەزارەتەکەی ئەڵمانیادا هاتووە، "چەند دەیەیەک لە دیکتاتۆری و شەڕی نێوخۆ برینی قووڵی دروستکردووە، کە چارەسەرکردنی پێویستی بە پرۆسەیەکی شەفاف و دادپەروەری راگوزەرە." جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئامادەن بۆ هاوکاریکردنی دیمەشق لەو پرۆسەیەدا.
سەرچاوە: ڕووداو