حەج و عومرە: سیم کارتی ئینتەرنێت و پەیوەندی بە خۆڕایی دەدرێتە ئەوانەی دەچنە حەج
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سیم کارت بێ بەرامبەر دەدەنە ئەو هاونیشتمانییانەی ئەم ساڵ بۆ حەج دەچنە سعودیە.

کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو سیم کارتەی دەدرێتە سەردانیکارانی حەج، 5 گێگابایت ئینتەرنێت و 120 خولەک پەیوەندیی خۆڕایی تێدایە."
بە گوتەی کاروان ستوونی، هەموو ئامادەکارییەک بۆ گەشتەکانی حەج کراوە و لە سعودیە هۆتێل بۆ تەواوی ئەو هاونیشتمانییانە ئامادە کراوە کە دەچنە ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی بە رێگەی وشکانی دەچنە حەج، لە دەروازەی عەرعەر سیم کارتەکەیان پێ دەدرێت، ئەوانەش لە رێگەی گەشتی ئاسمانییەوە دەچن لە شاری مەدینە سیم کارتەکەیان پێ دەدرێت.
کاروان ستوونی گوتیشی، یەکەم گەشت بە رێگەی وشکانی 16ی ئەم مانگە و بە رێگەی ئاسمانییش 19ی ئەم مانگە دەبێت بۆ ئەو هاونیشتمانییانەی ئەم ساڵ بۆ رێوڕەسمەکانی حەج دەچنە سعودیە.
پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەم ساڵ بەراورد بە پار زیاد کراوە. ساڵی رابردوو 4,174 کەس ناویان دەرچووبوو، بەڵام بۆ حەجی ئەم ساڵ کە لە 25-09-2024 تیروپشکی بۆ کرا، 5120 کەس ناویان دەرچوو.
سەرچاوە: ڕووداو