ئەردۆغان: بەرهەمی رۆژانەی نەوتی گاباری شرنەخ 81 هەزار بەرمیلی تێپەڕاندووە
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، بەرهەمی رۆژانەی نەوتی گاباری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان 81 هەزار بەرمیلی تێپەڕاندووە. ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 26 ملیۆن بەرمیل نەوتیان بەرهەمهێناوە، کە بایی نزیکەی دوو ملیار دۆلار بووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 2ی ئایاری 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە دیداری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان لە ئیستەنبووڵ قسەی کرد.
ئەردۆغان گوتی، تورکیا بەهۆی سەرچاوە سرووشتییەکانی و جوگرافییەکەیەوە پێگەیەکی ستراتیژیی لە هاوکێشەی وزەی جیهانیدا هەیە. سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکانی گاباری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان 81 هەزار بەرمیلی تێپەڕاندووە.
گوتیشی، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 26 ملیۆن بەرمیل نەوتیان لە گابار بەرهەمهێناوە کە بایی نزیکەی دوو ملیار دۆلار بووە. هەر لەبارەی نەوتی گابار، ئەردۆغان رایگەیاند، "لە رێگەی 3000 کارمەندەوە بازنەی گەڕان و دۆزینەوەی نەوت لەو ناوچەیە بەردەوامە. ئامانجی سەرەکیمانە لە نزیکترین کاتدا بگەینە ئاستی بەرهەمی رۆژانەی 100 هەزار بەرمیل نەوت."
تورکیا سەرەتای ئایاری 2023 دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتی لە ناوچەی گاباری شرناخ راگەیاند. ئەوکات تورکیا رایگەیاند، بەرھەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە شرناخ 70 ھەزار بەرمیلە.
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی شرنەخ، سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن؛ لە پارێزگاکانی سێرت و رووها و مێردینی باکووری کوردستانیش کێڵگەی نەوت هەیە. ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی کەم لە پێداویستییەکانی نێوخۆی تورکیا دابین دەکات.
بەشێکی دیکەی گوتارەکەی ئەردۆغان لەبارەی هەوڵەکانی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بوو. ئەردۆغان دەڵێت، "بەردەوامین لە بەڕێوەبردنی کارەکانی تورکیایەکی بێ تیرۆر. پشت بەخودا کاتێک دەگەینە ئامانجە خوازراوەکانمان، چیرۆکێکی نوێ دەنووسینەوە. دوای نەمانی سێبەری تیرۆر لە ناوچەکەمان، لە رووی ئابووری و وزە زۆر پێشدەکەوین."
سەرچاوە: ڕووداو