نرخی زێڕ نزیکەی 100 دۆلار دابەزیوە
لەکاتی داخستنی بازاڕەکان نرخی زێڕ کەمێک بەرزبووەوە، بەڵام لەسەر ئاستی هەفتانەدا 87 دۆلار دابەزیوە.

بەرەبەیانیی رۆژی شەممە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ دوو دۆلار بەرزبووەوە و بە سێ هەزار و 239 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. پێش ئەو نرخە، زێڕ ئاستی سێ هەزار و دۆلاریشی تۆمارکردبوو، بەڵام ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا قازانجەکانی کەمکردەوە.
وەزارەتی کاری ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، لە مانگی نیساندا 177 هەزار هەلی کار لە کەرتی تایبەت رەخساوە. لە مانگی ئادار دا رێژەکە 185 هەزار هەلی کار بوو. هەرچەندە لە مانگی نیساندا ژمارەکە کەمبووەتەوە و هانی بانکی ناوەندی دەدات رێژەی سوود کەمبکاتەوە، بەڵام پێشبینیی کەمبوونەوەی زۆر زیاتری ئامارەکە دەکرا. ئەمە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕی سنووردار کرد.
سەرەتای هەفتەی رابردوو لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکان، ئۆنسەیەک زێڕ بە 3326 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا. بەوەش لەسەر ئاستی هەفتانەدا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 87 دۆلار دابەزیوە. ئاماژەکانی هێوربوونەوەی گرژییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین هۆکارێکی دیکەن بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.
وەزارەتی بازرگانیی چین رۆژی هەینی رایگەیاند، ئامادەن بۆ ئەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بکەن لەبارەی پێناسە گومرگییەکان.
سەرچاوە: ڕووداو