سەرۆکی ئەمریکا: ئەگەر پێویست بکات هێرش دەکەینەوە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئێران پشتڕاستی قسەکانی کردووەتەوە کە هێرشەکانی وڵاتەکەی زیانێکی زۆریان بە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیاندووە.

تەمووزی 22, 2025 - 09:07
سەرۆکی ئەمریکا: ئەگەر پێویست بکات هێرش دەکەینەوە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران

دوێنێ دووشەممە 21ی تەممووزی 2025 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای ئەمریکای راگەیاند، هێرشەکانی مانگی رابردووی ئەمریکا زیانی "جیددییان" بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان گەیاند، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکرد کە ئایا هیچ یۆرانیۆمێکی پیتێندراو لە ناوەندەکان براوەتە دەرەوە یان نا.

جەختی لەوەش کردەوە، "رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێمە سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی رادەی زیانەکانە."

 ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە گوتەکانی عێراقچی رایگەیاند، "وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی پێگە ئەتۆمییەکانیان رایگەیاند: زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە و خاپووربوون. بە دڵنیاییەوە وەکو گوتم، زیانی زۆریان پێگەیشتووە."

سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، "ئەگەر پێویست بکات، هێرش دەکەینەوە" سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران. رۆژی 13ی حوزەیرانی ئەم ساڵ ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دایەوە.

جەنگەکە 12 رۆژ بەردەوام بوو، بەڵام رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا هەریەکە لە پێگە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهانی ئێرانی بۆردوومان کرد. بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، پێش دەستپێکی جەنگی تاران و تەل ئەڤیڤ، ئێران خاوەن سەروو 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بوو بە رێژەی 60%.

لەڕووی زانستییەوە، وڵاتەکە پێویستی بە نزیکەی مانگێک بوو، بۆئەوەی بۆمبی ئەتۆمی دروستبکات، ئەمەش لە ئەگەری بوونی کەرەستە و ئامێری پێویست.

بەرپرسانی ئیسرائیل چەند جارێک ئەو هەوڵەی ئێرانییەکانیان بە مەترسی لەسەر وڵاتەکەیان ناوبردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە، هیچ کاتێک نابێت ئێران توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی هەبێت و ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆم.

سەرچاوە: ڕووداو