لە ئەمریکا بە هۆتافی 'نا بۆ پاشایەتی' خۆپێشاندان لە دژی ترەمپ کرا

هەزاران ئەمریکی لە واشنتنی پایتەخت و چەندین شاری دیکەی ئەمریکا دژی سیاسەت و رێکارە نوێیەکانی حکومەتی ئەمریکا، هەروەها سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر بە جەنگەکانی ئۆکراینا و غەززە خۆپێشاندانیان کرد.

نیسان 20, 2025 - 10:38
لە ئەمریکا بە هۆتافی 'نا بۆ پاشایەتی' خۆپێشاندان لە دژی ترەمپ کرا

رۆژی شەممە، 19ی نیسانی 2025، بە هەزاران کەس لە شاری واشنتن و چەندین شاری دیکەی ئەمریکا، ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە سیاسەتەکانی ئەمدواییەی ئیدارەی ترەمپ دەبڕی.

خۆپێشاندەران بە هۆتافی "نا بۆ پاشا و پاشەیەتی" و "پڕ چەککردنی ئیسرائیل راگرە" و "نا بۆ دیپۆتکردنەوە"، لە 10 شاری گەورەی ئەمریکا، لەوانە شارەکانی نیویۆرک و شیکاگۆ، نارەزاییان دەربڕی. دۆناڵد ترەمپ لەوکاتەوەی گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، بە راوێژ لەگەڵ ئیلۆن مەسک، سەرۆکی فەرمانگەی کارامەیی حکومەتی ئەمریکا، زیاتر لە 200 هەزار کارمەندی فیدراڵی لە کار دوورخستووەتەوە و هەوڵیداوە بە دەیان ئاژانسی حکومی و خزمەتگوزاریی دابخات.

لەماوەی مانگی رابردوودا، ئەمە چەندەمین جارە خۆپێشاندەران لەدژی سیاسەتەکانی ئیدارەی ترەمپ و سەرۆکی ئەمریکا دەکرێت.

 رێکخەرانی خۆپێشاندەران ناویان لەو شەپۆلی خۆپێشاندانانە ناوە "50501" وەکو ئاماژەیەک بۆ 50 خۆپێشاندان لە تەواوی 50 ویلایەتی ئەمریکا لەژێر دروشمی یەک بزووتنەوە.

تەنیا رۆژی شەممە نزیکەی 400 خۆپێشداندان لە سەرانسەری ئەمریکا بەڕێوەچوون، بەڵام ژمارەی بەشداربووان نەگەیشتە ملیۆنێک خۆپێشاندەر، کە رێکخەران پلانیان بۆ دانابوو.

سەرچاوە: ڕووداو