توێژینەوەکە دەریخستووە، ئەو کەسانەی رۆژانە تەنانەت یەک ژەمی زیادە لەم دوو جۆرە خواردنە بخۆن، ئەگەری تووشبوونیان بە کێشەی مێشک و بیرکردنەوە زۆر زیاتر دەبێ، لەوانەش نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوەی وەک ئەلزەهایمەر.
چۆن توێژینەوەکە کراوە؟
توێژەران بۆ 7 ساڵ چاودێری نزیکەی 5 هەزار کەسی بەتەمەنی سەروو 55 ساڵیان کردووە و بینیویانە خواردن چ کاریگەرییەکی لەسەر مێشکیان هەبووە.
پێشتر دەزانرا کە خواردنی ئامادەکراو بە گشتی بۆ دڵ و شەکرە و قەڵەوی خراپە، بەڵام ئەم توێژینەوەیە ئەوەی دەرخستووە کە کام جۆریان لە هەموویان خراپترە بۆ مێشک.
خراپترینەکان کامەن؟
وەڵامەکە بریتییە لە:
1- گۆشتی ئامادەکراو: وەک لەفە، بێرگر، سۆسیج، هۆت دۆگ، پیتزا و هەر گۆشتێک کە مادەی پارێزەری تێدابێت.
2- خواردنەوە شەکرییەکان: وەک کۆلا، سۆدا، چای سارد و شەربەتی ناسرووشتی.
بۆ نموونە، خواردنی پیتزایەک کە گۆشتی زۆری تێدایە لەگەڵ خواردنەوەیەکی گازی، وەک "بۆمبێک" وایە بۆ مێشک.
ژمارەکان چی دەڵێن؟
• ئەوانەی رۆژانە یەک ژەمی زیادە لە گۆشتی ئامادەکراو دەخۆن، ئەگەری تووشبوونیان بە کێشەی مێشک بە رێژەی 17٪ زیاد دەکات.
• ئەوانەی رۆژانە یەک ژەمی زیادە لە خواردنەوەی شەکری دەخۆنەوە، ئەگەری تووشبوونیان بە کێشەی مێشک بە رێژەی 6٪ زیاد دەکات.
خواردنی جۆرەکانی دیکەی خواردنی ئامادەکراو، وەک شیرینی، بیسکویت، چپس و ژەمە ئامادەکراوەکانی دیکە، هەمان کاریگەریی خراپیان لەسەر مێشک نییە.
چارەسەر چییە؟
چارەسەرەکە سادەیە، هەرچەندە رەنگە ئاسان نەبێ: دوورکەوتنەوە لە گۆشتی ئامادەکراو و خواردنەوە گازییەکان.
یەکێک لە توێژەرەکان دەڵێت، "پێویست ناکات بە تەواوی وازیان لێ بهێنیت، بەڵام گرنگ ئەوەیە هاوسەنگی رابگری و بە شێوەیەکی گونجاو خواردنەکانت هەڵبژێریت."
کێشەکە چەند گەورەیە؟
لە ئەمریکا، نزیکەی 65٪ی ئەو خواردنانەی خەڵک دەیکڕن لە جۆری ئامادەکراون، کە پڕن لە رەنگ و تامی دەستکرد و مادەی زیانبەخش.
توێژەران پێیانوایە باشترین رێگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیە، فێربوونی چێشتلێنانە. چونکە تەنیا ئەوە گرنگ نییە بە خەڵک بڵێیت چی بخۆن، بەڵکو گرنگە فێریشیان بکەیت چۆن خواردنێکی تەندروست بۆ خۆیان ئامادە بکەن.
ئەم توێژینەوەیە لە گۆڤاری American Journal of Clinical Nutrition بڵاو کراوەتەوە.