لیبراڵەکانی هۆڵەندا براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە بوون؛ چاوەڕوان دەکرێ رۆب جێتن ببێتە سەرۆکوەزیران

پارتی لیبراڵی دیموکرات 66 هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختەی هۆڵەندای بردەوە. پارتەکە بە جیاوازییەکی زۆر کەم بەسەر پارتی ئازادیی راستڕۆی تووندڕۆی خیرت ڤیلدەرزدا سەرکەوت.

تشرینی یەکە 31, 2025 - 18:47
لیبراڵەکانی هۆڵەندا براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە بوون؛ چاوەڕوان دەکرێ رۆب جێتن ببێتە سەرۆکوەزیران
بەم سەرکەوتنە رۆب جێتن، سەرکردەی پارتی دیموکرات 66 رێگەی بۆ خۆش دەبێت ببێتە گەنجترین سەرۆکوەزیران لە مێژووی هۆڵەندا.
 
دوای جیاکردنەوەی 99.7٪ی دەنگەکان، پارتی ئازادیی خیرت ڤیڵدەرز بە جیاوازیی 15 هەزار و 155 دەنگ لەدوای پارتەکەی رۆب جێتنەوە دێت. تەنیا جیاکردنەوەی دەنگی یەک شارۆچکە ماوە. 
 
رۆژی هەینی 31-10-2025 جێتن گوتی: "زۆر دڵخۆشم کە بووینەتە گەورەترین پارتی ئەم هەڵبژاردنە. ئەمە ئەنجامێکی مێژووییە بۆ دیموکرات 66، لە هەمان کاتدا هەست بە بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەم."
 
پارتی دیموکرات 66 تاوەکو ئێستا توانیویەتی 16.9٪ـی دەنگەکان و 26 کورسی بەدەستبێنێت. بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو، 17 کورسی زیادی کردووە.
 
پارتی ئازادی 16.7٪ و 26 کورسی بەدەستهێناوە، 11 کورسی کەمکردووە. 
 
پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی  14.2٪ـی دەنگەکان و 22 کورسی بەدەستهێناوە.
 
هاوپەیمانیی گرۆنلینکس 12.7٪ و 20 کورسی بەدەستهێناوە.
 
پەرلەمانە 150 کورسییەکەی هۆڵەندا 76 کورسی بۆ زۆرینە پێویستە.
 
بڕیارە 03-11-2025 ئەنجامی کۆتایی و فەرمیی هەڵبژاردنەکە رابگەیێندرێ.
 
"بەڵێ، ئێمە دەتوانین"
 
پارتی دیموکرات 66 سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە و ژمارەی کورسییەکانی لە هەڵبژاردنی پێشووەوە لە 9 کورسییەوە بۆ 26 کورسی بەرزکردوەتەوە. تەنانەت ئەگەری ئەوەش هەیە کورسییەکی دیکەش بەدەستبهێنێت و ژمارەی کورسییەکانی بگاتە 27.
 
سەرکەوتنەکە واتای ئەوەیە کە پارتە لیبراڵەکە یەکەم دەستپێشخەری دەکات بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی و رۆب جێتنی 38 ساڵ دەبێتە بەربژێری سەرەکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.
 
جێتن، کە پێشتر وەک وەزیری سیاسەتی کەشوهەوا و وزە کاری کردووە، هەڵمەتێکی ئەرێنی بە دروشمی "بەڵێ، ئێمە دەتوانین" بەڕێوەبرد و سەرکەوتوو بوو لە بردنەوەی دەنگی هەندێک لە شارە گەورەکانی وەک رۆتەردام، لاهای و ئوترێخت.
 
سیاسەتەکانی رۆب جێتن
 
جێتن لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا تیشکی خستە سەر گەڕانەوە بۆ سیاسەتی "پێشکەوتنخوازانە"، لەوانە:
 
وزەی سەوز: بۆ کەمکردنەوەی تێچووی وزە.
 
نیشتەجێبوون: بەڵێنی دروستکردنی 60 هەزار خانوو و شوقەی داوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون.
 
کۆچ: بەڵێنی خەرجکردنی زیاتری داوە لەسەر پڕۆگرامەکانی تێکەڵبوون و چارەسەرکردنی کۆچی نایاسایی بە رێگەدان بە پێشکێشکردنی داوای پەنابەری لە دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا.
 
پێکهێنانی حکومەت و دابڕینی ڤیڵدەرز
 
سەرکەوتنی دیموکرات 66 زیاتر ڤیلدەرز دادەبرێ و دەرفەتی بۆ بەشداریکردن لە حکومەتدا کەم دەکاتەوە. زۆربەی پارتەکان، بە دیموکرات 66ـیشەوە، پێشتر رایانگەیاندبوو کە لەگەڵ پارتی ئازادی هاوپەیمانی پێکناهێنن.
 
جێتن رایگەیاندووە، هیوادارە لەگەڵ بەشێک لە پارتەکانی دیکە حکومەت پێکبهێنێت کە ئاماژەیە بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ هاوپەیمانیی گرۆنلینکس، پارتی بانگەوازی دیموکراتی کریستیان و پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی.
 
پارتی ئازادی لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی 2023دا 37 کورسی بردبووەوە.
 
تاوەکو پێکهێنانی حکومەتی نوێ، دیک شوف، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر، لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە.
سەرچاوە: ڕووداو