عێراقچی: ئێران بە مەرج ئامادەی دانوستاندنی بنیاتنەرانەیە

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، حکومەتی وڵاتەکەی بۆ "دانوستاندنی بنیاتنەرانە" ئامادەیە، بە مەرجێک لایەنەکانی دیکە ئامادەی گفتوگۆی دادپەروەرانە بن لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە.

تشرینی یەکە 31, 2025 - 18:42
عێراقچی: ئێران بە مەرج ئامادەی دانوستاندنی بنیاتنەرانەیە
لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکدا لەبارەی دیپلۆماسیی ئابووری لە تەورێز، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "هەرکاتێک لایەنەکانی گفتوگۆ ئامادەبن لەسەر بنەمای یەکسان دانوستاندن بکەن، بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە و دوور لە هەڕەشە و تۆقاندن، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ئامادەیە."
 
لە مانگی نیسانی ئەم ساڵەوە ئەمریکا و ئێران دەستیان بە دانوستاندنی تایبەت بە پڕۆگرامی ئەتۆمی کرد و پێنج گەڕی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆیان بە نێوەندگیریی عومان کرد. هەردوولا ناکۆکیی بەرچاویان هەبوو، وەک پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم لەنێو ئێران.
 
گەڕی شەشەمی گفتوگۆکان بڕیاربوو لە 15ـی حوزەیران بکرێ، بەڵام بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هەڵوەشێندرایەوە.
 
لە مانگی ئابدا فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا میکانیزمی "سناپباک"یان کارا کرد، کە رێگەی بە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 30 رۆژدا دەدا، ئەگەر سەلمێندرابا ئێران رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ـی پێشێل کردووە و دوای 30 رۆژەکەش سزاکان گەڕێندرانەوە. 
 
لە 29ـی ئەیلوولدا، ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوونی تاران بە بەڵێنە ئەتۆمییەکانییەوە، کۆمەڵێک سزای بەرفراوان دەسەپێنێتەوە بەسەر ئێراندا.
 
لە 18ـی تشرینی یەکەمیشدا ئێران کۆتاییهاتنی رێککەوتنی ئەتۆمی و بڕیارنامەی 2231ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی راگەیاند و گوتی، هیچ بڕگە و کۆتوبەندێکی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە کاری پێناکرێ.
سەرچاوە: ڕووداو