زانایان پاشگەزدەبنەوە؛ هیوای هەبوونی ژیان لە هەسارەی K2-18b کزدەبێتەوە

زانایان پێشتر هیوایان هەبوو کە لە دەرەوەی گۆی زەوی، لە هەسارەیەکی دوور دووری دیکە، بنەما و ئاماژەی ژیان هەبێت، بەڵام لە ئەنجامی چەند لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا، ئیدی ئەو بڕوایەیان نەماوە.

ئایاری 25, 2025 - 10:33
زانایان پاشگەزدەبنەوە؛ هیوای هەبوونی ژیان لە هەسارەی K2-18b کزدەبێتەوە

مانگی رابردوو، زانایان رایانگەیاندبوو، "بەهێزترین" ئاماژەی هەبوونی ژیانیان لە هەسارەی K2-18b دۆزیوەتەوە، بەڵام نوێترین لێکۆڵینەوەکان دەڵێن، بەڵگەی پێویست لەبەردەستدا نییە تاوەکو بڵێین بنەمای ژیان لەو هەسارەیەدا هەیە. هەسارەکە 124 ساڵی رووناکی لە زەوییەوە دوورە، واتە هێندە دوورە، دەبێت 124 ساڵ بە خێرایی تیشکی رووناکی گەشت بکەین تاوەکو پێی بگەین.

بۆ زانین، رووناکی لە یەک چرکەدا 299792 کیلۆمەتر دەبڕێت.

K2-18b بە دەوری ئەستێرەیەکدا دەسووڕێتەوە، لە دوورییەکەوە کە پلەیەکی گەرمیی گونجاوی هەیە. لەبەر ئەوەی دەگوترێت هەسارەکە بە ئاو رووپۆشکراوە، زانایان پێیانوابوو دەکرێت بۆ ژیان دەست بدات.

گەردوونناسان نیسانی ئەم ساڵ هەرایان نایەوە دوای ئەوەی کە رایانگەیاند، لە رێگەی تەلیسکۆپی جەیمس وێبەوە، تەنۆلکەی گازەکانی گۆگۆردیدی دووانە میسیل (DMS) و دووانە گۆگردیدی دووانە میسیل (DMDS)یان لە بەرگەهەوای هەسارەکەدا دۆزیوەتەوە.

 لێرە لەسەر زەوی، ئەو دوو گازە تەنیا لە لایەن زیندەوەرانەوە بەرهەمدەهێنرێن، وەک قەوزەی دەریایی، هەر بۆیەشە زانایان لەو بڕوایەدا بوون کە ئەوە نیشانەی ئەوەیە لەو هەسارەیەش شتێکی زیندوو هەیە کە ئەو مادانەی بەرهەمهێناوە.

 تیمێکی دیکەی زانایانی زانکۆی کالیفۆرنیا بڕیاریاندا قووڵتر لێیبکۆڵنەوە. لە بری ئەوەی لێکۆڵینەوە لەسەر داتای 20 نموونەی گازەکانی بەرگەهەوای هەسارەکە بکەن، بڕیاریاندا لێکۆڵینەوەکە فراوان بکەن و داتای 90 نموونەی بەرگەهەواکە شیکار بکەن. لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوتووە، کە ئاماژەی هەبوونی تەنۆلکەی ئەو دوو جۆرە گازە، زۆر لاوازە و ناگاتە ئەو ئاستەی بتوانن بڵێن هەیە.

بەو جۆرەش، هیوایەکی دیکەی مرۆڤایەتی بۆ دۆزینەوەی ماڵێک لە دەرەوەی گۆی زەوی، ناکام بوو.

سەرچاوە: ڕووداو