وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێکی نوێ دەردەکات

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ خوێندنی ساڵی 2024-2025 و بەدواوە چەند بڕیارێکیان دەرکردووە کە لە بەرژەوەندیی قوتابییانە.

ئایاری 25, 2025 - 10:30
وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێکی نوێ دەردەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا چەند بڕیارێکی نوێی راگەیاندن کە باس لە شێوازی راگەیاندنی ئەنجامی پۆلی 12، دیاریکردنی ئاستی قوتابییان و مامۆستایان و چەند بڕیارێکی دیکە دەکات.

 وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێکی دەرکردووە و دەڵێت، بۆ راگەیاندنی ئەنجامەکانی پۆلی 12 بە هەموو بەشەکانییەوە هیچ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی نابەسترێت. هەروەها هیچ پێوەرێک لەسەر ئاستی تاک بۆ ناساندنی پلەکانی (یەکەم، دووەم، سێیەم دانانرێت).

 بڕیارێکی دیکە ئەوەیە، لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هیچ قەزایەک نابێت مەراسیمی خەڵات بەخشین ئەنجامبدرێت. وەزارەتی پەروەردە دەشڵێت، هەر سەرپێچییەک لە خاڵی دووەم و سێیەم رووبدات، رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەوە بەر.

 وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، بنەمای هەڵسەنگاندن بۆ بنەمای زانستییانە تر دەگۆڕێت و رێژەی تێکرای دەرچوون لە قوتابخانەکان و نمرەی قوتابییان لە پاش راگەیاندنی ئەنجامی خولی دووەم، دەبێتە پێوەر بۆ دیاریکردنی ئاستی زانستی قوتابخانە.

 وەزارەتی پەروەردە لە نووسراوەکەی ئاماژەی بەوەش داوە، نمرەی پێوانەیی و تێکڕای ژمێرەیی هەر بابەتێک لە پۆلی 12 بە هەموو بەشەکانییەوە و لەدوای خولی دووەم، دەبێتە بنەمای هەڵسەنگاندن بۆ دیاریکردنی مامۆستای بابەتەکە.

سەرچاوە: ڕووداو