وەزارەتی دارایی: لیستی مووچەی مانگی 5 رادەستی بەغدا کرا

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی ئایار رادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە.

ئارەی 25, 2025 - 10:27
وەزارەتی دارایی: لیستی مووچەی مانگی 5 رادەستی بەغدا کرا

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 25ی ئایاری 2025 لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا."

 رۆژی شەممە 24ی ئایاری 2025 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیستی مووچە ئامادەیە و لە قۆناخی کۆتاییدایە، بە ئەگەرێکی زۆر یەکشەممە یان دووشەممە لیستەکە لەلایەن شاندێکی وەزارەتی داراییەوە بۆ بەغدا دەنێردرێت."

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، "شاندەکەی وەزارەتی دارایی لەوێ دەمێنێتەوە بۆ وەڵامدانەوەی ھەر پرسیار، سەرنج و تێبینییەکی بەغدا لەبارەی لیستی مووچەی مانگی پێنج، بۆئەوەی بە زووترین کات وردبینی تەواو ببێت و مووچە بنێردرێت."

ھاوکات جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لە بەغدا دەست بە دابەشکردنی مووچە کراوە و تاوەکو رۆژی دووشەممەش بەردەوام دەبێت، دوای ئەوە دەست بە وردبینیی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و ئەگەر ھیچ بیانوویەکیان نەبێت، لە سێ بۆ چوار رۆژدا وردبینی تەواو دەبێت. بەگوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، "بە ئەگەرێکی زۆر، پێش جەژن مووچە دابەش دەکرێت، ئەگەر بەغدا بیانوو نەهێنێتەوە."

 رۆژی 13-05-2025 بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بۆ مانگی نیسان خرایە سەر ھەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق؛ ھەر ئەو رۆژە لیستی مووچەی مانگی نیسان بڵاوکرایەوە.

سەرچاوە: ڕووداو