پێشتر سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداو رایگەیاندبوو، وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی نیساندا تەواو بووە و بە مەبەستی واژۆکردن کراوەتە یاداشتێک و بۆ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نێردراوە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، یەکێک لە رێکارە ماوەکان ئەوەیە کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکات کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە ناردنی نەوت و کێشەی نییە؛ ئەو رێکارەش لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە جێبەجێ دەکرێت.
بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی عێراق چەند مەرجێکی هەیە، کە بریتین لە: ناردنی لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوە، نووسراوی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی پابەندیی هەرێمی کوردستان بە هەناردەی نەوت، لەگەڵ رادەستکردنی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی.
مانگی رابردوو و لە رۆژی 9ـی نیسانی 2026ـدا، پارەی مانگی ئاداری مووچەخۆران کە بڕەکەی 957 ملیار و 122 ملیۆن دینار بوو خرایە سەر هەژماری بانکی ناوەندی و لە ماوەی سێ رۆژدا مووچەی هەموو مووچەخۆران دابەشکرا.