کەشناسیی عێراق پێشبینی بارانبارین لە رۆژانی جەژندا دەکات

کەشناسیی عێراق پێشبینی بارینی نمەباران لە رۆژانی جەژن دەکات، بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستانیش، لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر و دهۆک نمەباران دەبارێت.

ئازاری 28, 2025 - 14:05
کەشناسیی عێراق پێشبینی بارانبارین لە رۆژانی جەژندا دەکات

ئەمڕۆ هەینى 28ـی ئادارى 2025، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی پێشبینییەکانمان لە سبەی شەممەوە، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و باشووری عێراق ئەگەری بارینی نمەباران و دابەزینی پلەکانی گەرما هەیە."

 عامر جابری گوتی، "لە رۆژی یەکشەممەوە ئاسمانی وڵات هەوری تەواو دەبێت و بارانی پچڕ پچڕ لە بەشێکی زۆری عێراق و هەرێمی کوردستان دەبارێت. شەپۆلەکەش تاوەکو ئێوارەی رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت."

 بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لە ناوچە سنوورییەکانى پارێزگاى هەولێریش هەندێکجار دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور. کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، سبەی شەممە، لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکانى هەردوو پارێزگاى هەولێر و دهۆک هەندێک کات هەورى تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباران.

 محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی بە رووداوی گوت: "پێشبینی ده‌كرێت له‌ ئێوارەی رۆژی شەممە‌ تاوەکو درەنگی شه‌وی یه‌كشەممە، شه‌پۆلێكی نمەبارانی به‌هارە و هه‌وره‌ بروسكه‌ ناوچه‌كانی هه‌رێمی کوردستان بگرێته‌وه‌ و به‌ بڕی جیاواز باران ببارێت."

 بە گوتەی محەممەد کەمال، له‌رۆژی دووی مانگی داهاتووەوە ئەگەری شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەیە، هەروەها خێرایی لە 27 بۆ 35 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت.

سەرچاوە: ڕووداو