کەشناسیی عێراق هۆشداری لەبارەی ئاسمانی هەرێمی کوردستان بۆ فڕۆکەوانی دەدات

بەهۆی هەورەبرووسکەوە، کەشناسیی عێراق بۆ چوار کاژێر هۆشداری لە بەکارهێنانی ئاسمانی هەرێمی کوردستان بۆ فڕۆکەوانان دەدات. ئەمڕۆش لە هەرێمی کوردستان باران دەبارێت.

ئارەی 15, 2025 - 13:53
کەشناسیی عێراق هۆشداری لەبارەی ئاسمانی هەرێمی کوردستان بۆ فڕۆکەوانی دەدات

عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی ئایاری 2025 لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو هۆشداریدا، کە "لە کاژێر 07:13 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ تاوەکو کاژێر 11:13 خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئاسمانی هەرێمی کوردستان هەورەبروسکەی بەخۆوە دەبینی، رەنگە ئەم دۆخە کاریگەریی بۆ سەر فڕۆکەوانی دروست بکات و پێویستە فڕۆکەوانەکان خۆیان بپارێزن و ئاگاداری ئەو دۆخە بن."

 شەوی رابردوو فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی عێراقی کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەڕێکەوتبوو، بەهۆی خراپی کەشوهەواوە بەناچاری لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا نیشتەوە. سەبارەت بە کەشوهەوای ئەمڕۆ، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی گوتی، باران و هەورەبرووسکە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان هەیە، لەگەڵ ئەوەی لە ناوچە جیاجیاکانی بەغدا، سەلاحەدین و دیالە ئەگەری باران هەیە.

سەبارەت بە خێرایی با، عامر جابری روونیکردەوە، خێرایی بای باکووری رۆژئاوا مامناوەندە لەنێوان 20 بۆ 30 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، لە هەندێ کاتدا لە ناوچە جیاجیاکانی نێوەڕاست و باشووری وڵات تۆز و خۆڵ دروست دەکات، مەودای بینین لەنێوان چوار بۆ شەش کیلۆمەتر دەبێت، بۆ ئێوارە و شەوەکەی دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات.

 شاڵاو هیدایەت، کەشناس رۆژی پێنجشەممە، 15ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت، ئەو خۆڵبارینەی هەیە لە دوای نیوەڕۆەوە بەرەو کۆتایی دەڕوات.

سەرچاوە: ڕووداو