تەندروستیی جیهانی چەند رێنوێنییەک بۆ خۆپاراستن لە شەپۆلی گەرما رادەگەیێنێت
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، ساڵانە 489 ملیۆن کەس بەهۆی لێکەوتەکانی گەرما و گەرمابردنەوە گیان لەدەستدەدەن و پێشنیازی چەند رێگەیەک بۆ خۆپاراستن دەکات.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO چەند رێنوێنییەکی بۆ خۆپاراستن لە شەپۆلی گەرمای ئەمساڵ کە ئیدی بەرە بەرە دەستپێدەکات، راگەیاند و دەڵێت: ساڵانە 489 ملیۆن کەس بەهۆی لێکەوتەکانی گەرما و گەرمابردنەوە گیان لەدەستدەدەن، هەر بۆیە جەخت لەوە دەکاتەوە، دەتواندرێت بە ئاسانی رێگری لە مردن بە گەرماوە بکرێت بە جێبەجێکردنی چەند رێنوێنییەکی پێویست.
بەپێی WHO، بەکارهێنانی فێنککەرەوە و سپلیت گرنگە بۆ کەمکردنەوەی پلەی گەرمیی ماڵ و شوێنە داخراوەکان، هەروەها خۆفێنککردنەوە بە ئاو لەکاتی چوونە دەرەوە و کارکردن لە شوێنە کراوەکانیش باس دەکات. پاشانیش بەباشی دەزانێت، هەمیشە جەستە بە ئاوخواردنەوە شێدار بکرێتەوە، یەک پەرداخ لە کاژێرێکدا پێشنیاز دەکات واتا لەنیکەم رۆژانە دوو بۆ سێ لیتر ئاو بخورێتەوە.
ئەمەش رێنوێنییەکانی دیکەی WHO
- دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی کحول چونکە دەبێتەهۆی وشکبوونەوەی جەستە و ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی گەرما زیاد دەکات.
- - نەخواردنی ژەمی قورس و خۆراکە تیژەکان کە وادەکەن پلەی گەرمیی ناوەکیی زیاد ببێت.
- - رۆژانە خۆشووشتن و خۆفێنککردنەوە بە ئاوی شلەتێن و مەیلەو سارد.
- - پۆشینی جلوبەرگی قۆڵکورت و تەنک.
- - بەکارهێنانی کڵاو و چاویلکەی خۆپارێزی لە تیشکی خۆر.
- - نەچوونەدەرەوەی بەساڵاچووان لە رۆژە گەرمەکاندا، چونکە گرووپی هەرە مەترسیدارن بۆ تووشبوون بە جەڵتەی گەرما و گەرمابردن.
سەرچاوە: ڕووداو