نرخی نەوتی برێنت بۆ کەمتر لە 68 دۆلار دابەزی

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی نەوت دابەزی و بەشێک لە قازانجەکانی رۆژی رابردووی خۆی لەدەستدا.

تەمووزی 3, 2025 - 09:54
نرخی نەوتی برێنت بۆ کەمتر لە 68 دۆلار دابەزی

نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 24 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 68 دۆلار و 87 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە هەمانشێوە 24 سەنت دابەزی و بە 67 دۆلار و 21 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

 نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواست و بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوی کۆگاکراو لە ئەمریکا، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی نەوتە لە رۆژی پێنجشەممە. کارگێڕیی نەوتی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە ئاشکرای کرد، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا هەفتەی رابردوو بە بڕی 3.8 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە و بەرزبووەتەوە بۆ 419 ملیۆن بەرمیل.

هەر بەپێی ئەو پەیمانگەیە، خواستی رۆژانە بۆ بەکارهێنانی بەنزین لە ئەمریکا دابەزیوە بۆ 8.6 ملیۆن بەرمیل.

 رۆژی چوارشەممە ئێران رایگەیاند، هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەڵدەپەسێرێت و ئەوەش بووە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی نەوت لە رۆژی چوارشەممەدا نزیکەی دوو دۆلار بەرزبێتەوە.

سەرچاوە: ڕووداو