باڵیۆزی نەمسا لە عێراق بۆ رووداو: رۆڵی پەیوەندییەکانی نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئاستی سیاسیی ناوچەکە بەرز دەنرخێنم

باڵیۆزی نەمسا لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ بەغدا و هەولێردا هەیە بۆ بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییەکانیش رۆڵی "سیاسی باڵا"ـی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنن. دەشڵێت، هەوڵی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی ئابووری و بازرگانی نێوانیان دەدەن.

تەمووزی 3, 2025 - 09:51
باڵیۆزی نەمسا لە عێراق بۆ رووداو: رۆڵی پەیوەندییەکانی نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئاستی سیاسیی ناوچەکە بەرز دەنرخێنم

 ئەندریا ناسی، باڵیۆزی نەمسا لە عێراق لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە دیسکی ئینتەرناشناڵی تۆڕی میدیایی رووداو دا سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا و هەولێر رایگەیاند، "پابەندین بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا و هەولێر. لەو چوارچێوەیەدا، کەسیێتی باڵای سیاسی سەرۆک (نێچیرڤان بارزانی) و پەیوەندییە بەهێزە کەسییەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیران سوودانی لە ئاستی سیاسی عێراق و تەواوی ناوچەکەدا، بەرزدەنرخێنم".

باڵیۆز باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی کرد و گوتی: "بەدوای دەرفەتی هاوئاهەنگی زیاترین لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو کەرتەکانی وەکو ئەمنی، کۆچبەری، گەشەپێدانی ئابووری و دەستپێشخەرییەکانی وزە. پەیوەندییەکانمان لەبارەی پەرەسەندنە ناوچەییەکانیش پەرەپێدەدەین، لەوانە دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."

سەبارەت بە پەیوەندییە بازرگانیەکانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا باڵیۆزی نەمسا لە عێراق گوتی: "42 کۆمپانیای نەمسایی نوێنەرایەتییان لە عێراقدا هەیە. ساڵی 2024، هەناردەی کەلوپەلی نەمسا بۆ عێراق 123.5 ملیۆن یۆرۆ بوو کە 20٪ی لە ساڵی پێشتر زیاترە. دیارترین کەرتەکانیش، شیر و بەرهەمەکانی کە 18.5 ملیۆن یۆرۆ، ئامێری پزیشکی 17.2 ملیۆن یۆرۆ، ئامێری میکانیکی 16.9 ملیۆن یۆرۆ و ستیل و ئاسن 13.9 ملیۆن یۆرۆ". جەختی لەوەش کردەوە، زۆرینەی پەیوەندیی بازرگانیان لە عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان بووە و ئێستا 9 کۆمپانیای وڵاتەکەی نوێنەرایەتییان لە هەرێمدا هەیە.

ئەو ویستی خۆشی بۆ هاندانی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی بۆ زیادکردنی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا پێشاندا. دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەندریا ناسی، باڵیۆزی نەمسا لە عێراق: رووداو: پەیوەندییەکانتان لەگەڵ عێراقدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئەندریا ناسی، باڵیۆزی نەمسا لە عێراق: پەیوەندییەکانی نێوان نەمسا و عێراق زۆر باشن. عێراق، نەمسا وەکو هاوبەشێکی گرنگ لە یەکێتیی ئەورووپا دەبینێت و نەمساش عێراق وەکو هاوبەشێکی گرنگ لە ناوچەکە دەبینێت.

 رووداو: چیتان کردووە بۆ باشترکردنی ئەو پەیوەندییانە؟

 ئەندریا ناسی، باڵیۆزی نەمسا لە عێراق: هاوبەشییەکەمان لە رێگەی ژمارەیەک رێککەوتنی ئەمنی، دیالۆگی سیاسی، گواستنەوەی ئاسمانی و هاوئاهەنگی لەنێوان ژوورە بازرگانییەکان کردووە.

 رووداو: ژمارەی ئەو کۆمپانیا نەمساییانەی لە عێراق کاردەکەن چەندە؟

ئەندریا ناسی، باڵیۆزی نەمسا لە عێراق: 42 کۆمپانیای نەمسایی نوێنەرایەتییان لە عێراقدا هەیە. ساڵی 2024، هەناردەی کەلوپەلی نەمسا بۆ عێراق 123.5 ملیۆن یۆرۆ بوو، کە 20٪ی لە ساڵی پێشتر زیاترە. دیارترین کەرتەکانیش، شیر و بەرهەمەکانییەتی کە 18.5 ملیۆن یۆرۆ بووە، ئامێری پزیشکی 17.2 ملیۆن یۆرۆ، ئامێری میکانیکی 16.9 ملیۆن یۆرۆ و ستیل و ئاسن 13.9 ملیۆن یۆرۆ.

 رووداو: نەمسا ئاگربەستی ئیسرائیل و ئێران چۆن دەبینێت؟ پێتانوایە ئەو ئاگربەستە چ کاریگەرییەکی لەسەر ناوچەکە بە تایبەت عێراق دەبێت؟

ئەندریا ناسی، باڵیۆزی نەمسا لە عێراق: پێشوازی لە ئاگربەستەکە دەکەین و هیوادەخوازین بەردەوام بێت. نەمسا هەموو کات پاڵپشتی رێکاری دیپلۆماسی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر دەکات. پاڵپشتی هەوڵەکانی عێراق بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە دەکەین و عێراق وەکو فاکتەرێک بۆ سەقامگیری ناوچەکە دەبینین.

 رووداو: پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و نەمسا چۆن دەبینن؟ پلانتان بۆ باشترکردنی ئەو پەیوەندییانە چییە؟

 ‎ئەندریا ناسی، باڵیۆزی نەمسا لە عێراق: پابەندین بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا و هەولێر. لەو چوارچێوەیەدا، کەسیێتیی سیاسیی باڵای سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و پەیوەندییە کەسییەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیران سوودانی لە ئاستی سیاسیی عێراق و تەواوی ناوچەکە بەرز دەنرخێنم. بەدوای دەرفەتی هاوئاهەنگی زیاترین لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو کەرتەکانی وەکو ئەمنی، کۆچبەری، گەشەپێدانی ئابووری و دەستپێشخەرییەکانی وزە. پەیوەندییەکانمان لەبارەی پەرەسەندنە ناوچەییەکانیش پەرەپێدەدەین، لەوانە دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

رووداو: هیچ دەرفەتێک دەبێت بۆ ئەوانەی هەڵگری بڕوانامەکانی ماستەر و دکتۆران بۆ ئەوەی بۆ بابەتی هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش سەردانی نەمسا بکەن؟

 ‎ئەندریا ناسی، باڵیۆزی نەمسا لە عێراق: پاڵپشتییەکی بەهێزی هاوئاهەنگیی ئەکادیمی دەکەین. زانکۆکانی نەمسا سەربەخۆن و خۆیان دەتوانن لەبارەی سەردانی ئەوانەی خوێندنیان تەواو کردووە زانیاریی بدەن. ‎

رووداو: ژمارەی کۆمپانیا نەمساییەکان لە هەرێمی کوردستان چەندە؟ بە بەهای چەند وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستاندا کردووە؟

 ‎ئەندریا ناسی، باڵیۆزی نەمسا لە عێراق: ئێستا 9 کۆمپانیای نەمسایی نوێنەرایەتییان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە. وەکو ئەوەی لەسەرەوە باسمکردووە، پەیوەندی ئێستای نەمسا لەگەڵ بەغدا و هەرێمی کوردستان بە زۆری پەیوەندی بە قەرز بۆ مەبەستێکی دیاریکراو و گرێبەستەکانەوە هەیە، نەوەک وەبەرهێنان بە بڕێکی زۆر. ‎

رووداو: چ ستراتیژییەتێک پەیڕەو دەکەن بۆ هاندانی کۆمپانیاکانتان کە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن؟

‎ئەندریا ناسی، باڵیۆزی نەمسا لە عێراق: ساڵی 2024، قەبارەی بازرگانیمان لەگەڵ عێراق 123.5 ملیۆن دۆلار بوو، کە زۆرینەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بوو. نەمسا توانای دابینکردنی بەرهەمی زۆری لە وارەکانی تەکنەلۆژیای هاوڕێی ژینگە، بەرهەمی پیشەسازی، ژێرخانی پەیوەندییەکان، ئامێر و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە هەیە. دەمانەوێت بەشداری لە ئەجێندای گەشەپێدانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکەین و بەردوامیش دەبین لە هاندانی کۆمپانیا نەمساییەکان وەکو هاوبەشێکی متمانەپێکراو بۆ پێشکێشکردنی باشترین بەرهەم و خزمەتگوزاری بە هەرێمی کوردستان.

سەرچاوە: ڕووداو