نێچیرڤان بارزانی بۆ ڕۆژنامەی( کۆرێلێ دێلا سێرا)ی ئیتاڵی: ئەم شەڕە شەڕی ئێمە نییە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کێشەی ئێران بە رێگەی سەربازی چارەسەر نابێت. جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە هیچ جەنگێک لە ناوچەکەدا. دەشڵێت: "هیوادارین هێزەکانی ئیتاڵیا بگەڕێنەوە بۆ مەشقپێکردنی سەربازەکانمان."

نیسان 10, 2026 - 12:42
نێچیرڤان بارزانی بۆ ڕۆژنامەی( کۆرێلێ دێلا سێرا)ی ئیتاڵی: ئەم شەڕە شەڕی ئێمە نییە

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ( کۆرێلێ دێلا سێرا)ی ئیتاڵی، جەختی کردەوە کە «هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ تەنگژەی ئێران لە ئارادا نییە و دەبێت هەموو هەوڵێک بۆ چەسپاندنی ئەو ئاگربەستە  بدرێت و ڕێگە نەدرێت دووبارە شەڕ هەڵگیرسێتەوە ئەویش لە ڕێی ئارام گرتنەوە.

سەبارەت بە بەردەوامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل لە لوبنان، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ووتی:

«ئەمە هەڵەیە. پێویستە دەستبەجێ ڕابگیرێن بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری ئاگربەستەکە؛ چونکە ئیسرائیلییەکان تەنیا هێرش ناکەنە سەر حزبوڵا، بەڵکو زیان بە ژێرخانی ئەو وڵاتەش دەگەیەنن.»

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمریکییەکان داوایان لێ کردن دەستوەردان بکەن بۆ هاندانی ڕاپەڕین لە ناوخۆی ئێراندا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەڵێ:

«ئەمریکییەکان هەرگیز لەگەڵ ئێمە باسی گۆڕینی ڕژێمی تارانیان نەکردووە، بەڵکو جەختیان لەسەر پێویستی ڕاگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی و بەرنامە موشەکییەکانی ئێران کردووەتەوە. کەس داوای لە ئێمەی کورد نەکردووە دەستوەردانی سەربازی لە ئێراندا بکەین، ئێمەش دژی ئەوەین خاکەکەمان وەک بنکەیەک دژی دراوسێکانمان بەکاربهێنرێت؛ نامانەوێت ببینە بەشێک لەم شەڕە.

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە مانەوەی ڕژێمی ئێران، نێچیرڤان بارزانی دەڵێ: هەمیشە گووتومانە ڕژێم تەنیا بە بۆردومانی ئاسمانی ناگۆڕدرێت. سیستەمی ئێران تێکەڵەیەکی بێهاوتای ئایین و ناسیۆنالیزمە، شەڕەکە یەکی خستوون. ئەمڕۆ ڕژێمەکە توانیویەتی ڕزگاری بێت. تەنانەت کوشتنی سەرکردەکانیش کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبوو، چونکە دەستبەجێ جێگرەوەیان بۆ داندران. ئێرانییەکان وانەیان لە شەڕی حوزەیرانی ڕابردوو وەرگرتبوو و خۆیان بەباشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی نوێ ئامادەکردبوو.

لە ناوخۆدا بە لایەنی کەمەوە ٢٥٪ بۆ ٣٠٪ی دانیشتووان بە توندی پشتگیری ڕژێم دەکەن کە هێشتا دامەزراوەی زۆر بەهێزی هەیە. لە بەرامبەردا ئۆپۆزسیۆن لە ڕووی سیاسییەوە ڕێکنەخراون و سەرکردەی ناوخۆییان نییە. ناڕەزایەتییەکانیش زیاتر بەهۆی دۆخی ئابوورییەوەیە. لە کاتێکدا تا ئێستا هیچ قەرەباڵغییەک لەبەردەم بەنزینخانەکان نییە و بازاڕ و دوکانەکان کراوەن، حکومەتی ئێران هێشتا کۆنترۆڵی دۆخەکەی لەدەستە.

سەبارەت قەیرانی هەناردەی ووزە لە ئەنجامی تەنگژەی گەرووی هورمز. نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کوردستان ئامادەیە بۆ چالاکترکردنی بۆرییە نەوتییەکانی کە بەرەو تورکیا دەچن. هەروەها گووتی: ئەمڕۆ عێراق لە ڕێگەی ئێمەوە ڕۆژانە نزیکەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات و دەتوانین ئەم بڕە بگەینینە ٧٠٠ هەزار بەرمیل.

دەربارەی هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر هەرێم، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گووتی: بەردەوام جەخت لە ڕاگرتنی ئەو هێرشانە دەکەینەوە کە حکومەتی عێراق هەوڵی پێویست لەو بارەیەوە نادات. لە سەرەتای شەڕەکەوە زیاتر لە ٦٠٠ جار هێرشمان کراوەتە سەر؛ ئەمە قبوڵکراو نییە. عێراق ناتوانێت سەقامگیر بێت ئەگەر کۆنترۆڵی میلیشیاکان نەکات.

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی ڕۆژنامەکەدا دەربارەی کشانەوەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی گووتی:

«دەمەوێت سوپاسی هێزەکانی ئیتاڵیا بکەم کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە یارمەتیدەر بوون لە سەقامگیری ناوچەکەمان و دواتریش پاراستنی بەنداوی موسڵ لە هێرشەکانی داعش. پێم وایە ئەرکەکەیان کۆتایی نەهاتووە. تێدەگەم بۆچی کشانەوە، بەڵام هیوادارم بەم زووانە بگەڕێنەوە بۆ مەشقپێکردنی پێشمەرگەکانمان.

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا سەبارەت پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا و سەردانی داهاتوویان بۆ ڤاتیکان، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ووتی: پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ ڤاتیکان هەیە، بەتایبەت لە ساڵی ٢٠٠٣وە کە کوردستان بوو بە پەناگەیەکی گرنگ بۆ مەسیحییەکانی عێراق و تەنانەت ئێزدی و سوننە و پێکهاتەکانی تریش. لە شەڕی داعشیشدا لە ٢٠١٤، میوانداری زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەمان کرد کە زۆربەیان مەسیحی بوون.

خۆشحاڵیشم کە چاوم بە پاپای نوێ دەکەوێت. سەبارەت بە حکومەتی ئیتاڵیاش، سەرۆک وەزیران و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری سەردانیان کردووین؛ ئێستا کاتی ئەوەیە پەیوەندییە ئابوورییەکانمان پەرە پێ بدەین، بەتایبەت لە بواری پیشەسازییە بچووک و مامناوەندەکاندا.