ئەمشەو چامپیۆنزلیگە و دوو یاریی ئاگرین بەڕێوەدەچن

یارییەکانی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا دەستپێدەکەنەوە و دوو یاریی لە قۆناخی شازدەی بەشی رۆژئاوای کیشوەرەکە بەڕێوەدەچن و دوو ئیتاڵی رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

نیسان 13, 2026 - 11:26
ئەمشەو چامپیۆنزلیگە و دوو یاریی ئاگرین بەڕێوەدەچن

دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر بەهۆی بارودۆخی ناوچەکەوە یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە راگیران، ئەمڕۆ یارییەکانی بەشی رۆژئاوای ئاسیا دەستپێدەکەنەوە و سەرجەم یارییەکانی لە سعودیە بەڕێوەدەچن. لە یاریی لووتکەی شەوەکەدا کاژێر 21:00 هەردوو یانەی هیلالی سعودی و سەدی قەتەری رووبەڕووی یەکدەبنەوە و یارییەکە لە یاریگەی شا عەبدوڵڵا فەیسەڵ بەڕێوەدەچێت. هەردوو یانە لەلایەن دوو راهێنەری ئیتاڵییەوە سەرپەرشتی دەکرێن، سیمۆنی ئینزاگی، لە یانەی هیلال و رۆبێرتۆ مانچینی لە یانەی سەدی قەتەری. هەردوو تیپ 16 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، هیلال لە 9 یارییدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە 3 یارییدا یانە قەتەرییەکە سەرکەوتووە و 4 یاریی نێوان هەردوولاش بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە. لەم وەرزەدا لە قۆناخی یەکەمدا، هیلال لە یاریگەی خۆی بەرامبەر سەد یارییکرد و بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکە لێبردەوە. لە یارییەکی دیکەدا کە هەر ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت و کاژێر 17:45 ئەنجامدەدرێت، هەردوو یانەی ئەهلی سعودی و دحێلی قەتەری رووبەڕووی یەکدەبنەوە. یارییەکەی ئەم دوو یانەیە لە یاریگەی شا عەبدوڵڵا بەڕێوەدەچێت. ئەم دوو یانە 5 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، سێ یارییان بە یەکسانبوون تەواو بووە، هەر یانەیەک خاوەنی بردنەوەیەکە. لەم وەرزەدا هەردوو تیپ لە قۆناخی یەکەمدا رووبەڕووی یەکبوونەوە، یارییەکە لە قەتەر ئەنجامدرا و بە دوو گۆڵ بۆ هەر لایەک یەکسانبوون. براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی هیلال و سەد لە قۆناخی داهاتوودا، بەرامبەر ڤیسێل کۆبیی ژاپۆنی یاریی دەکات. براوەی یاریی ئەهلی و دحێل رووبەڕووی یانەی جۆهۆر دارول تەعزیمی مالیزی دەبێتەوە.

سەرچاوە: رووداو