وەزارەتی کشتوکاڵ: گرانبوونی سووتەمەنی و کەمیی خستنەڕوو نرخی مریشکی بەرزکردەوە

ماوەیەکە نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان رووی لە بەرزبوونەوە کردووە. وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ، بەهۆی کەمیی خستنەڕوو و گرانبوونی تێچووی سووتەمەنییەوە، نرخەکەی گران بووە.

نیسان 13, 2026 - 11:22
وەزارەتی کشتوکاڵ: گرانبوونی سووتەمەنی و کەمیی خستنەڕوو نرخی مریشکی بەرزکردەوە

رۆژی دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرزبوونەوەی نرخی مریشک پەیوەندی بە خستنەڕوو و خواستەوە هەیە؛ کاتێک پێشتر نرخەکەی دابەزیبوو، بەشێکی زۆری خاوەن پەلەوەرخانەکان مریشکیان دانەنایەوە، ئەوەش بووە هۆی کەمبوونەوەی مریشک لە بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخەکەی." لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنان، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ ئاماژەی بەوە کرد کە وەرزی سەرما کاریگەری هەبووە و گوتی: "گرانبوونی نرخی سووتەمەنی هۆکارێکی دیکەیە. ئەو مریشکەی ئێستا لە بازاڕە، بەرهەمی مانگێک پێش ئێستایە کە تێچوویەکی زۆری هەبووە." لە ماوەی رابردوودا بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران؛ سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان کەمبوو و نرخەکەی بەرزبووەوە. نرخەکان لە بازاڕدا پێشتر: کیلۆیەک مریشک بە 2,300 بۆ 2,400 دینار بووە. ئێستا لە پەلەوەرخانەکان: گەیشتووەتە 2,750 دینار. ئێستا لە بازاڕەکاندا: کیلۆی بە 3,000 دینار و زیاتریش دەفرۆشرێت. ئاماری پەلەوەرخانەکان و بەرهەمی ناوخۆ بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، کەرتی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە: ژمارەی پەلەوەرخانەکان: 1,995 پەلەوەرخانە. بەخێوکردنی ساڵانە: زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک. بەرهەمی ساڵانەی گۆشت: نزیکەی 250 هەزار تۆن. پێداویستیی ناوخۆ: 146 هەزار تۆن. بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، ساڵانە نزیکەی 104 هەزار تۆن گۆشتی مریشکی لە پێویستیی نێوخۆ زیادەیە و دەتوانرێت هەناردە بکرێت.