جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمان بۆ رووداو: ئەمڕۆ هەواڵی خۆش لەبارەی مووچە هەیە
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی مووچەوە رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ هەواڵی خۆش هەیە.
ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 22ی تەمموزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پشتیوان بەخوا ئەمڕۆ لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەواڵی خۆش هەیە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ بڕیار لەبارەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدرێت.
زیاتر لە 80 رۆژ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا لە عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت دەستیپێکردووە. رۆژی پێنجشەممەی رابردوو. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدای پەسند کرد، کە تایبەت بوو بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و داهاتی نانەوتی.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، رۆژی دووشەممە، 21ی تەمموزی 2025، بە میدیای فەرمی عێراقی گوت: "رێککەوتنەکە رووداوێکی گەورە و ناوازەیە، چونکە کۆتایی بە چەندین ساڵی بنیاتنانی پەیوەندیی دارایی لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی سیاسی دەهێنێت و قۆناخێکی نوێ دادەمەزرێنێت، تێیدا دەستوور و پابەندییە یاساییەکانی ناو یاسای بودجە، پێش هەر رێککەوتن و ئیجتیهادێکی سیاسی دەکەون."
باسم عەوادی گوتیشی: "بڕیارەکە پشتی بەو بنەمایانە بەستووە کە لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق (یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2023)دا چەسپێنراون، بەڵام ئەمجارە بە شێوەیەک کارا دەکرێت، کە یاسا لە سەرووی هەموو لایەنە سیاسییەکانەوە دادەنێت، ئەمەش بە بازدانێکی جۆری دادەنرێت."
گوتەبێژی حکومەت وردەکارییەکانی بڕیارەکەی خستەڕوو و گوتی: "بڕیارەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە رادەستکردنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی نیشتمانی (سۆمۆ)، دوای لێدەرکردنی 50 هەزار بەرمیل بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. دواتر سۆمۆ هەناردەی دەکات بۆ بازاڕەکانی جیهان و داهاتەکەشی دەخاتە نێو گەنجینەی گشتیی یەکگرتوو."
باسم عەوادی روونیکردەوە، بڕیارەکە گفتوگۆکردنی دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکانی وەک باج و گومرگ لە رێگەی دەروازەکانی هەرێمەوە لەخۆدەگرێت، چونکە بە بەشێک لە سەرچاوە سەروەرییەکانی دەوڵەت دادەنرێن کە دەچنە چوارچێوەی هەژماری گەنجینەی گشتییەوە.
سەرچاوە: ڕووداو