زیلینسکی: ئۆکراینا و رووسیا رۆژی چوارشەممە دانوستاندنێکی نوێ دەستپێدەکەن
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی رایگەیاند، رووسیا و ئۆکراینا رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە تورکیا دانوستاندنێکی نوێی ئاشتی ئەنجام دەدەن.

رۆژی دووشەممە 21ی تەممووزی 2025 ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گوتاری رۆژانەیدا گوتی، "ئەمڕۆ لەگەڵ رووستەم ئومێرۆڤ، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئۆکراینا ئامادەکارییەکانمان بۆ ئاڵوگۆڕ و کۆبوونەوەیەکی دیکە لە تورکیا لەگەڵ لایەنی رووسی تاوتوێ کرد. ئومێرۆڤ رایگەیاند، کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی چوارشەممە دانراوە."
زیلینسکی ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی سێشەممە 22-07-2025 وردەکاریی زیاتر لەسەر کۆبوونەوەکە ئاشکرا دەکات.
هەردوو لایەنی رکابەر لە 16ی ئایار و 2ی حوزەیرانی ئەم ساڵ لە ئیستەنبووڵ لەژێر گوشاری ئەمریکادا کۆبوونەوە بۆ رێککەوتن لەسەر ئاگربەست، بەڵام سەرەڕای داواکاریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هیچ پێشکەوتنێک بەدەستنەهات.
تاوەکو ئێستا، دانوستاندنکارانی ئۆکراینا و رووسیا تەنیا لەسەر ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕی دیلەکان رێککەوتوون. لەو کاتەوەش رووسیا هێرشی ئاسمانیی چڕی بۆسەر ئۆکراینا دەستپێکردووە و خاکی زیاتری کۆنترۆڵ کردووە.
رووسیا داوای کردووە ئۆکراینا دەستبەرداری چوار هەرێم بێت، جگە نیمچە دوورگەی کریمیا کە لە ساڵی 2014دا بەخۆیەوە لکاندنی. کرێملن هەروەها سوورە لەسەر ئەوەی ئۆکراینا دەستبەرداری هەر بیرۆکەیەک ببێت بۆ چوونە نێو هاوپەیمانیی ناتۆ.
ئۆکراینا ئەو داواکارییانەی رەتکردووەتەوە و گومانی لەوە دەربڕیوە کە رووسیا خوازیاری ئاگربەست بێت.
ترەمپ هەفتەی رابردوو مۆڵەتی 50 رۆژی دا بە رووسیا بۆئەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئۆکراینا دەستپێبکاتەوە، ئەگەرنا رووبەڕووی سزای قورسی ئەمریکا دەبێتەوە، ترەمپ ناردنی چەکیشی بۆ ئۆکراینا نوێکردەوە.
هەردوولا لە دانوستاندنەکانی پێشوودا بیرۆکەیان ئاڵوگۆڕ کردووە لەسەر چۆنێتی رێککەوتنێکی ئاشتی، بەڵام هێشتا زۆر لەیەکدی دوورن.
سەرچاوە: ڕووداو