کۆشکی سپی: ترەمپ لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر سووریا ئاگادار نەبووە
گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگاداری هێرشەکانی هەفتەی رابردووی ئیسرائیل بۆسەر سووریا نەبووە، لەوبارەیەوە پەیوەندیی بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە کردووە.

کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئیسرائیل هێرشی کردبووە سەر دیمەشقی پایتەخت و سوەیدای زۆرینە دروزنشین لە باشووری سووریا بە مەبەستی گوشارخستنە سەر حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە ناوچەکە.
بە گوتەی لێڤیت، "سەرۆک ترەمپ ئاگاداری بۆردوومانکردنی سووریا و هەروەها بۆردوومانکردنی کەنیسەیەکی کاسۆلیکی لە غەززە نەبووە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتەبێژی کۆشکی سپی ئەوەی خستەڕوو، "لە هەردوو رووداوەکەدا، سەرۆک (ترەمپ) دەستبەجێ پەیوەندیی بە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە کرد بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە." لێڤیت دەڵێت، پەیوەندیی کارکردنی سەرۆک ترەمپ لەگەڵ نەتەنیاهوو باشە و بە بەردەوامی لە پەیوەندیدان، "سەبارەت بە سووریاش، دەبینین کە ئاڵۆزییەکان لەوێ کەم بوونەتەوە."
لە سەرەتای ئەم مانگە نەتەنیاهوو سەردانی کۆشکی سپیی کرد، کە سێیەم سەردانی بوو لەوەتەی ترەمپ لە 20ی کانوونی دووەمدا گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات.
رۆژی هەینی، ئیسرائیل و سووریا رێککەوتنی ئاگربەستیان بە نێوەندگیریی ئەمریکا واژۆ کرد. هەمان رۆژ، بنیامین نەتەنیاهوو پەیوەندیی بە پاپا لیۆوە کرد و نیگەرانیی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر کەنیسە کاسۆلیکییەکە لە غەززە دەربڕی، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ مووشەکێک کە بە هەڵە هاوێشتبوویان.
مانگی ئایار، ترەمپ لە سعودیە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبووەوە، ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لە هەڵگرتنی زۆرێک لە سزاکانی ئەمریکا لەسەر دیمەشق.
سەرچاوە: ڕووداو