سوودانى بۆ شەرع: هاریکاریی نێوان عێراق و سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەى داعش گرنگە
سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆککۆمارى سووریا پیرۆزبایی جەژن لەیەکدى دەکەن. محەممەد شیاع سوودانى پیرۆزبایی پێکهێنانى حکومەتى نوێى ئەو وڵاتەى کرد و جەختى لەسەر گرنگى هاریکاریی نێوانیان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەى مەترسیی داعش.

رۆژی سێشەممە، 01ـی نیسانى 2025، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر، بە تەلەفۆن پیرۆزبایی جەژنى رەمەزانیان لەیەکدى کرد.
بە گوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەو پەیوەندییەدا محەممەد شیاع سوودانى پیرۆزبایی پێکهێنانى حکومەتى کاتى سووریاى لە شەرع کرد، کە شەممە 29ى ئادارى 2025 پێکهێنرا.
محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاند، "هەڵوێستى عێراق نەگۆڕە لە پاڵپشتیکردنى بژارەکانى گەلى سووریا و گرنگى کۆکردنەوەى سەرجەم پێکهاتەکانى لە پرۆسەى سیاسیی ئەو وڵاتە، بەشێوەیەک کە بە ئاڕاستەى پێکەوەژیانى ئاشتیانە و ئاسایشى کۆمەڵایەتى بێت لە پێناو ئاییندەیەکى سەقامگیر و ئاسایش بۆ سووریا و تێکڕاى ناوچەکە."
حکومەتى کاتى سووریا لە 16 وەزارەت پێکهاتووە، یەکێک لە وەزیرەکانى کوردە، کارى ئەو حکومەتە تاوەکو ئەنجامدانى هەڵبژاردن دەبێت. سەرۆکوەزیرانى عێراق سنووربەزاندنى سووریاى لەلایەن ئیسرائیلەوە رەتکردەوە و پاڵپشتى بەغداى دەربڕى بۆ پارێزراوى خاکى سووریا و سەروەرییەکەى و دەستوەردانى دەرەکى رەتکردەوە.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سوودانى باسی لە گرنگى هاریکاریی دوولایەنە کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەى مەترسیى رێکخراوى داعش و هاوکارى لە بوارى ئابوورى.
هاوکات ئاژانسى فەرمیى سووریا (سانا) رایگەیاند، "لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دۆسیەى ئاسایشى سنوور و هاریکاریی نێوانیان بۆ بنبڕکردنى بەقاچاخبردنى مادەى هۆشبەریان تاوتوێ کردووە و جەختیان لەهەڵدانەوەى پەڕەیەکى نوێ کردووەتەوە لە پەیوەندى نێوانیان لەسەر بنەماى هاریکاریی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارییە هەرێمییەکان و رێگرى لە گرژى ناوچەکە."
ئەحمەد شەرع لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا جەختى لە رێزگرتن لە سەروەریى عێراق و پەرۆشى بۆ دەستوەرنەدان لە کاروبارى نێوخۆیى عێراق کردووەتەوە.
سەرچاوە: ڕووداو