دیکاپریۆ لە لێدوانێکدا بۆ میدیا جیهانییەکان ئاشکرای کرد، فیلمی (Heat 2) لە دەرهێنانی مایکل مان، بەرهەمێکی تەواو سەربەخۆیە و خاوەن تایبەتمەندیی خۆیەتی. گوتیشی: "ئەم فیلمە رێز لە بەشی یەکەم دەگرێت و وەک ستایشێک بۆ ئەو شاکارە دەبێت، بەڵام چیرۆکەکە لەوێوە وەردەگرێت و دەیباتە قۆناخێکی دیکەوە".
مایکل مان، دەرهێنەری فیلمەکە ساڵانێکە کار لەسەر پەرەپێدانی ئەم پڕۆژەیە دەکات، کە پشت بە رۆمانەکەی خۆی دەبەستێت و ساڵی 2022 بڵاویکردەوە.
چیرۆکی فیلمەکە لە سێ قۆناخدا روودەدەن، یەکەمیان لە 1988 روودەدەن؛ پێش رووداوەکانی فیلمی یەکەم، دوەەمیان لە 1995 روودەدەن، راستەوخۆ دوای رووداوەکانی بەشی یەکەمە و سێیەمیان لە 2000ـە و بەدواداچوونێکی نوێ بۆ دۆسییەکان.
دیکاپریۆ رۆڵی نیل ماکۆلی دەگێڕێت، ئەو دزە پیشەگەرەی کە لە فیلمی یەکەمدا رۆبێرت دی نیرۆ رۆڵەکەی بەرجەستە کردبوو. دیکاپریۆ، ئاماژەی بەوە داوە، جیاوازیی کاتەکان و گەڕانەوە بۆ رابردوو و داهاتوو، وایکردووە فیلمەکە لە چوارچێوەی لاساییکردنەوە دەربچێت و ببێتە "قەوارەیەکی بێوێنە".