موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 7-12-2025 رایگەیاند، ئەو هەنگاوەی دەیگرنەبەر لە چوارچێوەی نوێکردنەوەی سیستمی دراوی فەرمیی عێراق و بە مەبەستی گۆڕینی سیستمی پارەدانە بۆ شێوازێکی دیجیتاڵیی پێشکەوتوو.
سەبارەت بە سرووشتی دراوەکە، راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "دیناری دیجیتاڵی، دراوێکی هاوتەریب یان جێگرەوەی سەربەخۆ نییە، بەڵکو بریتییە لە هەمان دیناری عێراقی کە بانکی ناوەندی دەری دەکات، بەڵام بە شێوەی ئەلیکترۆنی، واتە هەمان نرخ و تایبەتمەندیی دیناری کاخەزی هەیە و تەنیا جیاوازییەکەی ئەوەیە مامەڵەکردن پێوەی بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت لەڕێگەی سیستمێکی پارێزراوەوە".
بە گوتەی موزهر محەممەد ساڵح، ئامانجە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە بریتین لە:
1. گواستنەوەی هەنگاو بە هەنگاو لە پارەی کاخەزەوە بۆ سیستمی پارەدانی دیجیتاڵی.
2. کەمکردنەوەی تێچووی چاپکردنی دراو.
3. کەمکردنەوەی هەڵگرتنی پارە لە ماڵان.
4. بەهێزکردنی شەفافیەت و توانای چاودێریکردنی جووڵەی دارایی.
راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە چاکسازیی دارایی و جێبەجێکردنی بە شێوەی قۆناخ بە قۆناخ دەبێت، ئەمەش پێویستی بە دابینکردنی ژێرخانێکی تەکنیکی بەهێز، سیستمی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی تۆکمە، بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و دەرکردنی یاسای تایبەت هەیە بۆ رێکخستنی.
"هۆشداریدان لەبارەی پڕۆژەکە"
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە 7-12-2025 بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، وردەکاریی پڕۆژەی "دیناری دیجیتاڵی" خستەڕوو و هاوکات هۆشداریش دەدات لەو مەترسییانەی رەنگە رووبەڕووی ئازادیی دارایی هاووڵاتییان ببنەوە.
جەمال کۆچەر بە رووداوی راگەیاند، دیناری دیجیتاڵی (CBDC) جیاوازە لە دراوە کریپتۆکانی وەک بیتکۆین، بەڵکو دراوێکی نیشتمانییە و بانکی ناوەندی دەری دەکات، بەهاکەی هاوتای دیناری کاخەزە، بەڵام بە شێوەی ئەلیکترۆنی بۆ کڕین و حەواڵەکردن بەکاردێ.
جەمال کۆچەر کە بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقیش دەرچووە، ئاماژەی بەوە دا، ئەم هەنگاوە پێویستی بە کات و ژێرخانی بەهێزە، وەک سیستمی تەکنیکیی پێشکەوتوو، ئینتەرنێتی بەهێز، هۆشیاریی خەڵک و دەرکردنی یاسای تایبەت.
سەبارەت بە لایەنە نەرێنی و مەترسییەکانی دیناری دیجیتاڵی، جەمال کۆچەر 7 خاڵی سەرەکی خستەڕوو:
1. مەترسی لەسەر تایبەتمەندیی تاک: حکومەت دەتوانێ چاودێریی هەموو جووڵەیەکی پارەی هاووڵاتی بکات و دەزانێ پارە لەکوێ خەرج دەکرێن
2. کۆنترۆڵکردنی پارە: دەوڵەت دەتوانێ بە ئاسانی هەژمارەکان بلۆک بکات یان راستەوخۆ باج و سزای دارایی لێ ببڕێ.
3. لەدەستدانی ئازادیی دارایی: کەمبوونەوەی مامەڵە بە "کاش" واتە کەمبوونەوەی سەربەخۆیی تاک لە بەڕێوەبردنی پارەکەی.
4. ئاسایشی ئەلیکترۆنی: ئەگەری هێرشی سایبەری و هاککردنی داتابەیس و جزدانە دیجیتاڵییەکان هەیە.
5. کەسانی بەساڵاچوو یان ئەوانەی شارەزای تەکنەلۆژیا نین و ئینتەرنێتیان نییە، تووشی کێشە دەبن.
6. زیان بۆ بانکە بازرگانییەکان: رەنگە خەڵک پارەکەی لەبری بانکە بازرگانییەکان، راستەوخۆ لە جزدانی دیجیتاڵیی بانکی ناوەندیدا هەڵبگرێ، ئەمەش توانای بانکەکان بۆ پێدانی قەرز لاواز دەکات.
7. مەترسیی هەڵاوسان: ئاسانیی دەرکردنی دراوی دیجیتاڵی رەنگە ببێتەهۆی ئەوەی دراوی زیاتر بچێتە بازاڕەوە و متمانە بە دراوەکە کەم ببێتەوە.
رۆژی 2-12-2025، عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک شارەزا و پسپۆڕی بواری ئابووری گوتی، پڕۆژەی دیناری دیجیتاڵی لە قۆناخی جێبەجێکردندایە، بەڵام پێویستی بە کات و ژێرخانی تەواوە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بخرێتە کار.