دەقێکی 2000 ساڵەی بابلییەکان دوای 1000 ساڵ لە ونبوونی دۆزرایەوە

دەقێکی کەوناری بابلییەکان کە تەمەنی زیاتر لە 2000 ساڵە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی 1000 ساڵ ون ببوو، دۆزرایەوە.

تەمووزی 7, 2025 - 08:53
دەقێکی 2000 ساڵەی بابلییەکان دوای 1000 ساڵ لە ونبوونی دۆزرایەوە

دەقەکە سروودێکی پیاهەڵدانە، واتە گۆرانییەک یان هۆنراوەیەکی گۆرانی (لیریک)، گوزارشت لە سەرکەوتن یان سوپاسگوزاری دەکات و لە توێژینەوەیەکدا باسی لێوە کراوە، کە لە گۆڤاری 'عێراق'ی سەر بە چاپخانەی زانکۆی کامبریج بڵاوکراوەتەوە.

 ئێنریکێ خیمینێز، یەکێک لە نووسەرانی توێژینەوەکە لە زانکۆی لودڤیگ ماکسیمیلیانی میونشن لە ئەڵمانیا، کە بە هاوکاری لەگەڵ زانکۆی بەغدا لە عێراق دەقەکەی دۆزیوەتەوە، دەڵێت، "ئەمە سروودێکی سەرنجڕاکێشە کە باسی بابل دەکات بە هەموو شکۆمەندییەکەیەوە و، تێڕوانینێک لەبارەی ژیانی دانیشتووانەکەی (پیاو و ژن) دەخاتەڕوو."

خیمینێز و هاوکارەکانی کار لەسەر ناساندن و لێکۆڵینەوە لە سەدان دەقی بابلی دەکەن کە بە نووسینی بزماری لەسەر تاتە قوڕینەکان نووسراون. تاتەکان لە کتێبخانەی سیپار بوون، کە شارێکی دێرینە و دەکەوێتە 60 کیلۆمەتر باکووری بابل و 30 کیلۆمەتر باشووری رۆژهەڵاتی بەغدای ئێستا.

 بەپێی ئەفسانەکان، پێغەمبەر نوح، تاتەکانی لە سیپار شاردووەتەوە، بۆئەوەی لە لافاو بیانپارێزێت، پێش ئەوەی سواری کەشتییەکە ببێت. خیمینێز دەڵێت، "بە بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکەمان کە پشت بە زیرەکیی دەستکرد دەبەستێت، توانیمان 30 دەستنووسی دیکە بناسینەوە کە سەر بەم سروودە دۆزراوەیەن."

 توێژەران تەواوی سروودەکەیان شیکردووەتەوە، کە پێشتر بەشەکانی ون ببوون. دەقە تەواوەکە لە 250 دێڕ پێکدێت. بوونی چەندین وێنەی دەقەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی لەو سەردەمەدا زۆر بڵاو بووە. دەستنووسەکان لەنێوان سەدەکانی حەوتەم و یەکەمی پێش زایندا نووسراون.

 خیمینێز روونی دەکاتەوە، "ئەمە لەلایەن بابلییەکەوە نووسراوە کە ویستوویەتی ستایشی شارەکەی بکات. نووسەرەکە وەسفی باڵەخانەکانی شارەکە دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا باسی ئەوەش دەکات کە چۆن ئاوی فورات وەرزی بەهار دەهێنێت و کێڵگەکان سەوز دەکات. ئەمە هێندەی دیکە سەرنجڕاکێشە، چونکە ئەو ئەدەبە میزۆپۆتامیایەی کە ماوەتەوە، زۆر بە کەمی وەسفی دیاردە سروشتییەکانی کردووە."

ئەو زانیارییانەی لە دەقەکەدا لەبارەی ژنانی بابل هەن، رۆڵی ئەوان وەک کاهین و ئەرکە پەیوەندیدارەکانیان لەخۆدەگرێت.

تاوەکو ئێستا هیچ دەقێکی دیکە نەدۆزراوەتەوە کە ئەم وردەکارییانە ئاشکرا بکات.

بابل نزیکەی دوو هەزار ساڵ پێش زاین لە میزۆپۆتامیا (نێوان دوو رووبار) دروستکراوە. لە سەردەمی خۆیدا گەورەترین شاری جیهان و مەڵبەندێکی گرنگی رۆشنبیری بووە.

سەرچاوە: ڕووداو