بازرگانیی عێراق بۆ رووداو: دڵنیایی دەدەینە خەڵک کە خۆراکی پێویست کۆگا کراوە و بەردەستە
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دڵنیایی دەداتە خەڵک کە خۆراکی پێویست کۆگا کراوە و بەردەستە. هۆشداریش دەداتە ئەو کەسانەی دەنگۆی تایبەت بە بەرزکردنەوەی نرخ بڵاودەکەنەوە.

محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 16ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتەکەیان ئامادەیە بۆ هەر دۆخێکی نەخوازراوی هەرێمی و نێودەوڵەتی، لەوانەش جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتی، حکومەت بەرنامەیەکی بۆ کۆگاکردنی ستراتیژیی ماددە خۆراکییەکان هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی بازرگانی بڕێکی زۆر گەنمی کۆگاکراوی هەیە، ئەوەش جگە لە خۆراکەکانی دیکە.
لەبارەی دۆخی کۆگاکان، حەنوون باسی لەوە کرد، "دۆخی کۆگاکانی عێراق باشە، هەربۆیەش بۆ هەر دۆخێکی نەخوازراو ئامادەین. خۆراک دابین و گەرەنتی کراوە، بەتایبەتی گەنم کە بڕێکی زۆری گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە."
سەبارەت بە نرخ و بەرزبوونەوەی، گوتەبێژەکەی وەزارەتی بازرگانی گوتی، هەوڵەکانیان بە هاوئاهەنگیی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و تاوانی رێکخراو لەڕووی چاودێریی بازرگانی چڕتر کردوونەتەوە.
حەنوون دڵنیایی دەدات کە "ئاسایشی خۆراک پارێزراوە و جێگەی نیگەرانی نییە؛ خۆراکی پێویست کۆگا کراوە و هەیە." دەشڵێت، هیوادارن خەڵک باوەڕ بە دەنگۆکان نەکەن لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخ و گوتی، وەزارەتی بازرگانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان رێکاری پێویستی یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەگرێتەبەر ئەو دەنگۆیانە بڵاوبکاتەوە.
سەرچاوە: ڕووداو