کۆمیسیۆن هۆشداری دەدات: سزای سەرپێچیی بانگەشەی هەڵبژاردن دارایی، بەندکردن و دوورخستنەوەیە

سبەی هەینی، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش هۆشداریی تووند دەداتە بەربژێر، پارت و هاوپەیمانێتییە بەشداربووەکان و دەڵێت، سەرپێچیی رێنماییەکانی تایبەت بە بانگەشە نەکەن.

تشرینی یەکە 2, 2025 - 12:40
کۆمیسیۆن هۆشداری دەدات: سزای سەرپێچیی بانگەشەی هەڵبژاردن دارایی، بەندکردن و دوورخستنەوەیە
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 02-10-2025، لەکاتی بەشداریکردنی لە (رۆژی هیوا جەمال)، رایگەیاند، "لە سبەی هەینییەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات. کۆمەڵێک رێکار هەن دەبێت بەربژێر و لایەنە سیاسییەکان لەکاتی بانگەشەدا پێیانەوە پابەندبن."
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران 7768 بەربژێری پەسندکرد، کە 2248یان ژن و 5520ی دیکەیان پیاون. 
 
رێنمایی و قەدەخەکراوەکان
 
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوە کرد، بەکارهێنانی موڵک و ماڵی دەوڵەت، وەکو فەرمانگە، قوتابخانە، نەخۆشخانە، مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان بۆ بانگەشە قەدەخەن. هەروەها بەکارهێنانی دروشمەکانی دەوڵەت و کۆمیسیۆن، گوتاری تائیفی، دەرماگیری و بێڕێزی بە بەربژێرانی دیکە رێگەپێنەدراوە. جەختیشی کردەوە نابێت دارایی سیاسی بەکاربهێنرێت.
 
سزای سەرپێچیکاران
 
سەبارەت بە سزاکانیش، عیماد جەمیل رایگەیاند، سزای دارایی لە یەک ملیۆن دینارەوە تاوەکو 50 ملیۆن دینارە، لەگەڵ سزای زیندانیکردن لە یەک مانگەوە تاوەکو ساڵێک. گوتیشی، "ئەگەر سەرپێچییەکە گەورە بێت، ئەوا بەربژێرەکە دووردەخرێتەوە." ئەو رێکار و سزایانە تاوەکو راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن بەردەوام دەبن.
 
کارتی دەنگدان
 
عیماد جەمیل رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی کارتی دەنگدانیان نوێکردووەتەوە، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 155 هەزار کەس، جگە لەوانەی پێشتر کارتی بایۆمەترییان هەبووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەیەکی زۆر کارتی دەنگدان لە رابردوودا دابەشکرابوون و وەرنەگیرابوونەوە، بۆیە کۆمیسیۆن هەڵمەتێکی راگەیاندنی دەستپێکردووە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە بنکەکانی تۆمارکردن کارتەکانیان وەربگرنەوە.
 
بەکۆی گشتی، نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار کارتی دەنگدان ماون دابەش بکرێن. لە چوار رۆژی رابردوودا 400 هەزار کارتیان دابەشکردووە و پرۆسەکە تاوەکو رۆژی دەنگدان بەردەوام دەبێت.
 
ژمارەی دەنگدەران
 
بڕیارە رۆژی 11-11-2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، 320یان گشتین و 9 کورسییان کۆتان. رۆژێک پێشتر، دەنگدانی تایبەت دەکرێت. 
 
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن ئاشکرای کرد، 21 ملیۆن و 404 هەزار کەس کارتی بایۆمەتری و مافی دەنگدانیان هەیە، 20 ملیۆنیان دەنگدەری گشتی، یەک ملیۆن و 313 هەزاریان دەنگدەری تایبەت و زیاتر لە 26 هەزاریشیان ئاوارەن. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام 7 ملیۆن و 600 هەزار کەس بەهۆی نەبوونی کارتی دەنگدان ناتوانن بەشداری بکەن. عیماد جەمیل دەڵێت "هۆکارەکان جیاوازن، بەشێکیان لە دەرەوەی وڵاتن، بەشێکیان مردوون، هەندێکیشیان ئارەزووی بەشداریکردن لە پرۆسەکە ناکەن."
 
وردبینی لە ناوی بەربژێرەکان
 
عیماد جەمیل دەڵێت، بۆ وردبینی لە ناوی بەربژێرەکان، پەیوەندییان بە نزیکەی 12 لایەنی ئەمنی، یاسایی و کارگێڕییەوە کردووە. لە ئەنجامدا، 389 بەربژێر دۆسیەی لێپرسینەوە و دادگاییکردنیان هەبووە، 181یان بەڵگەی تاوانیان لەسەر ساخبووەتەوە و زیاتر لە 200ـی دیکەشیان مەرجەکانی بەربژێربوونیان تێدا نەبووە، بەهۆی کەموکوڕی لە بەڵگەنامەکانیان یان پابەندنەبوون بە رێژەی دیاریکراوی بڕوانامەی ئامادەیی و کۆتای ژنان لە لیستەکانیاندا.
 
بەکۆی گشتی 816 بەربژێر دوورخراونەتەوە یان گۆڕانکاری لە ناوەکانیاندا کراوە، بەڵام 80 بەربژێر دوای تۆمارکردنی سکاڵا و بە بڕیاری دەستەی دادوەری، گەڕێنراونەتەوە نێو لیستەکان.
سەرچاوە: ڕووداو