ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆچوونی جیاوازی هەولێر و بەغدا لەبارەی داهاتی نانەوتی یەکلادەکاتەوە

بۆچوونی جیاوازی هەولێر و بەغدا لەبارەی بڕی داهاتی نانەوتی رادەستکراو دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بڕیاردان لەسەری، سەرچاوەیەکیش لە بەغدا دەڵێت، سەرۆکوەزیران نایەوێت بەبێ رێککەوتن و سازان بڕیارێکی تاکلایەنە لەسەر ئەو پرسە بدات.

ئاب 26, 2025 - 10:56
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆچوونی جیاوازی هەولێر و بەغدا لەبارەی داهاتی نانەوتی یەکلادەکاتەوە
پاشکۆی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پرسی دارایی نێوان هەولێر و بەغدای تێدایە بۆ ئەوەی تاوتوێ بکرێت.
 
بەپێی کارنامەکە، پابەندییە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى رووداو لە دوو سەرچاوەی بەرپرس لە بەغدا وەریگرتووە، پێشنیازی هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵی لەبارەی بڕی داهاتی نانەوتی رادەستکراو، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەخرێتە روو بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدرێت.
 
شاندی هەولێر و بەغدا لە پرسی بڕی داهاتی نانەوتیی رادەستکراو گەیشتوونەتە بنبەست و نەیانتوانیوە رێکبکەون.
 
بەغدا داوای 50%ـی تێکڕای داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان دەکات، لەکاتێکدا هەولێر بەپشتبەستن بە یاسای کارگێڕیی دارایی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات کە 50%ـی هەندێک لە داهاتە نانەوتییەکان رادەست دەکات و ئەو رێژەیە هەموو داهاتەکان ناگرێتەوە.
 
سەرچاوەکانی رووداو ئاماژەیان بەوەدا ئەو پێشنیازانە خراونەتە نێو راپۆرتێک کە وەزارەتی دارایی ئامادەی کردووە، بۆ ئەوەی لەلایەن وەزیرانى پلاندانان، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى فیدڕاڵ لەو کۆبوونەوەیەدا بخرێتەڕوو.
 
یەکلاکردنەوەی پرسی داهاتی نانەوتیی رادەستکراو، یەکێک بووە لەو سێ پێشمەرجەی بەغدا بۆ ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە.
 
یەکێک لە سەرچاوەکانی رووداو لە بەغدا گوتی: "ئەگەر هەیە لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر ناردنى ئەو مووچەیە بدرێت و یەکلاکردنەوەی پرسی داهاتە نانەوتییەکان بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت"، بەڵام سەرچاوەی دووەمی رووداو گوتی: "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، نایەوێت بڕیارێکی تاکلایەنەى یەکلاکەرەوە لەسەر داهاتە نانەوتییەکان بدرێت بەبێ سازان و رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا، ئەگەر هەیە دەرفەتێکی دیکەیان پێ بدات بەر لە بڕیارى ناردنى مووچەى مانگى حوزەیران".
سەرچاوە: ڕووداو