سەرۆککۆماری تورکیا لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە شارۆچکەی خەلاتە لە پارێزگای بەدلیسی باکووری کوردستان باسی لە پرۆسەی چارەسەری کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: "لەم رێگەیەدا کە لەپێناوی تورکیایەکی زۆر کاریگەرتر، رێزلێگیراوتر و سەرفرازتر گرتوومانەتە بەر، ناکەوینە نێو یاریی هیچ کەسێک و ئەو تەڵانەی دانراونەتەوە. بەرەو مەنزڵی تورکیای بێ تیرۆر هەنگاو دەنێن، کە دوژمنانی بێ تاقەت و نیگەران کردووە. بە شێوەیەک کە دڵنیاین لە خۆمان و بەوەی دەزانین چی دەکەین و بەتەمای چین، بە پێداگرییەوە لە هەنگاوەکانمان بەردەوام دەبین".
لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، بەردەوامە لە کۆبوونەوەکانی و گوێ لەلایەن و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەگرێت.
دەم پارتی پێیوایە بەبێ چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجەلان زۆر ئەستەمە کارەکانی لیژنەکە بەرەوپێش بچن.
سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی دەڵێت: "لایەنێکی زۆر گرنگی ئەو بابەتەی کە پێیدەگوترێت پرسی کورد، زمانی کوردییە. پرسی کورد لە هەمانکاتدا پرسی زمانی کوردییشە. بۆ ئەوەی لیژنەکە بتوانێت کارەکانی لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەببات، پێویستە بە شێوەیەکی بەردەوام چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان بکات. دەبێت هەرچی زووە رێگە و شێوازێکی بۆ بدۆزرێتەوە. لیژنە ناتوانێت ئەم بابەتە پشتگوێ بخات."
بە گوتەی بەرپرسانی دەم پارتی چاوەڕوان دەکرێت شاندی دەم پارتی ئیمراڵی لەم هەفتەیەدا سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکات.
شاندەکە دوایینجار لە 25ـی تەممووزی رابردوو سەردانی دوورگەی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەوە.
سەرچاوە: ڕووداو