بۆچوونەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوو توێی پاشکۆیەکدا، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کراوە. لە پاشکۆیەکەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆچوونی خۆی خستووەتەڕوو سەبارەت بە دیاریکردنی پشکی حکومەتی فیدراڵیی لە داهاتەکانی نانەوتی.
ئەو لیژنە یاساییایە بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی ژمارە (646) بۆ ساڵی 2025 لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە لە رۆژی 2-9-2025 بڕیاری پێکهێنانی دراوە.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بۆ مەبەستی دیاریکردنی پشکی حکومەتی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان، یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی لە مادەی (12/دووەم/د) و هەروەها بڕگەی (سێیەم) لە بڕیاری دادگەی فیدراڵی ژمارە (224)ی ساڵی 2024 بەڕوونی ئاماژە بەوە دەکەن، کە یاسای کارگێڕی دارایی ژمارە (6)ی ساڵی 2019 (یاسای کارگێڕی دارایی فیدراڵیی) پەیڕەو دەکرێت، بەتایبەتی مادەی (29) و مادەی (21/دووەم) لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی هەموارکراو سەبارەت بە داهاتەکانی خاڵە سنوورییەکان (باج و گومرگ).
داهاتە نانەوتییەکان بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش دەبن:
یەکەم: باج و داهاتەکانی خاڵە سنوورییەکان (باج و گومرگ):
- رێژەی 50%ـی باجەکانی فیدراڵی دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە بڕگەی (1) لە مادەی (29) لە یاسای کارگێڕی دارایی فیدراڵیی ژمارە (6)ـی ساڵی 2019ـی هەموارکراو.
- رێژەی 50%ـی داهاتەکانی خاڵە سنوورییەکان (باج و گومرگ) دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە بڕگەی (دووەم) لە مادەی (21) لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵیی ژمارە (13)ـی ساڵی 2023ـی هەموارکراو.
دووەم: رسومات و پێبژاردن و داهاتەکانی نانەوتیی دیکەی سەپێندراو لە هەرێمی کوردستاندا (جگە لە باج و داهاتەکانی خاڵەکانی سنوور (رسوماتی گومرگی)
ئەم داهاتانە دابەش دەبن بۆ دوو بەش:
أ- سەبارەت بە رسومات و پێبژاردنەکان و داهاتەکانی نانەوتیی دیکەی سەپێندراو بەگوێرەی یاساکانی فیدراڵی (جگە لە باج و رسوم گومرگییەکان):
(50%)ی دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە حوکمەکانی بڕگەی (1) لە مادەی (29) لە یاسای کارگێڕی دارایی فیدراڵیی ژمارە (6)ی ساڵی 2019ی هەموارکراو.
ب- رسومات و پێبژاردنەکان و داهاتەکانی نانەوتیی دیکەی سەپێندراو لە هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاساکان و رێنمایی و بڕیارە دەرچووەکانی هەرێمی کوردستان (جگە لە باج و رسوماتی گومرگی)
(100%)ـی ئەم داهاتانە دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە حوکمەکانی بڕگەی (3) لە مادەی (29) لە یاسای کارگێڕی دارایی فیدراڵی هەموارکراو، وەک داهاتێکی ناوخۆیی.
رۆژی سێشەممەی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا، بڕیاری دا دۆسیەی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت بنێرێت، تاوەکو لە رووی یاساییەوە رای خۆی لەسەر بدات کامە داهاتی فیدراڵییە و کامەش داهاتی فیدراڵی نییە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا.