ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی ئەیلوولی 2025 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئامادەیی سەدرەین بۆ نایابەکانی لە شاری سەدری رۆژهەڵاتی بەغدا کرد و زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2025 - 2026ی لێدا.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە بە بەشداریی زیاتر لە 12 ملیۆن قوتابی لە قۆناخە جیاوازەکانی خوێندن، ساڵی نوێی خوێندنی 2025 - 2026 لە عێراق دەستیپێكرد.
ژمارەی قوتابییە نوێیەکانی پۆلی یەکەمی سەرەتایی گەیشتووەتە زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار قوتابی. کەریم سەید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، "ئەم ساڵ زیاتر لە 500 قوتابخانە دەخرێنە خزمەتەوە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی قەرەباڵخی لە قوتابخانەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی خوێندنی باشتر بۆ خوێندکاران و قوتابیان."
هەر ئەمڕۆ 21ی ئەیلوولی 2025 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی لە قوتابخانەی دمدم-ی زاخۆ لێدا، لە گوتارێکدا ستایشی مامۆستایانی کرد لە پەروەردە و فێرکردنی قوتابیاندا.
ئەم ساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار قوتابی لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "لە کاتێکی نزیکدا ئەم قەیرانە بەرەو کۆتایی دەچێت، ئەم کێشەیە نامێنێت و هەموو فەرمانبەران بەتایبەت مامۆستا هەموو مافەکانیان بەدیدێت، هەرچیش بە ئێمە بکرێت دەیکەین، کە قەرەبووی هەموو زەحمەتییەکانیان بکەینەوە."
نزیکەی 6000 قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان هەن، 57%یان لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکن و 43%یان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەن.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵانی رابردوو هەوڵی زۆر دراوە قوتابخانەی نوێ دروستبکرێت؛ زیاتر لە 200 قوتابخانە دروستکراون و زیاتر لە دوو هەزاریش نۆژەن کراونەتەوە، بەڵام هێشتا پێویستی بە زیاتر هەیە و گوتی: "هەوڵمان بەردەوام دەبێت بۆ دروستکردنی قوتابخانە و ناوەندی زانستیی زیاتر."
سەرچاوە: ڕووداو