هاوڵاتی لەناو ئەو هەموو قەیران و بێمتمانەییەدا ئازارەکانی بۆ کێ باسبکات ؟!

محمد خۆشناو
نزیکەی سێ دەیەیە هەرێمی کوردستان لەعنەتی دابەشبوون و نەخۆشی موزمینی پەرتەوازیی کە لەمێژە لەگەڵیدا بووەو و کزبوونی بێمتمانیەیی بەدەسەڵاتەکەی بەردەوامە ، بەدرێژایی مێژوو تا دەگاتە ئێستا لەژێر سایەی شکست و نشووستیەکانیدا ، تاکەکان و ئەو گەلە مەیلی ئەوەی هەیە کە نقووم بن لە لەخۆلێدان یان جلد کردنی خۆیان « جلد الذات » واتە بۆتە جەستەیەکی ئازاردیتەی مازۆخی کە چێژ لە ئازار وەربگرێت و ، هەستکردن بە خەتا و خەمۆکی و خۆبەلاواززانی و لەدەستدانی پاڵنەر بۆ بیرکردنەوە لە باشترکردنی بارودۆخەکە یان ئاییندەکە بە بەردەوامی لەگەڵیدا دەژیت و ، دیدگایەکی وا ڕەشبینیشی هەیە کە ئەوەی دێت خەراپترە ، کە تێیدا هەڵە و عەیبەکان بە پلەیەک قەبەدەکرێن کە ناتوانایی لەسەر ڕەخنەی بابەتی و بەخۆداچوونەوە و پێداگریی لەسەر ڕاستکردنەوە و گۆڕانکاری پێشاندەدرێن و دەبنە ئاستەنگێکی گەورە بۆی ، زۆرن ئەو گەلانەی کە دووچاری ئازاری بەردەوام و زەلیل و ئیهانەکردن هاتوون ، بەڵام توانیان بەسەر شکستەکان زاڵ بن لەوانە چین و ئێرلەندا ، ( ئێرلەندا ) بە نموونە دێنمەوە کە لە زۆر خەسڵەتدا لە کورد نزیکن و ژمارەی دانیشوانیشی نزیکە لە ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان ، بەریتانیەکان وا مامڵەیان لەگەڵ هاوڵاتیانی ئێرلەندا دەکرد کە لە خوار ئادەمیزاد دایاندەنان و ، ناچاریانکردن وڵاتەکایان جێبهێڵن و کۆچبکەن و ، بەشێکی گرانبەهای خاکەکەیان ( ئێرلەندای باکوور )یان دابڕاند و خستیانە سەرخۆیان ، ئێستا ئێرلەندا لەڕووی ئابووری لەسەرووی بەریتانیا دایە و ئەو وڵاتە بۆتە موعجیزەی ئابووری و تەکنۆلۆژیای ئەوروپا ، باشە بۆ ئێمە تەرکیز دەکەینە سەرئەوەی کە ناتوانین لەو چڵپاوە دەرچین و بۆ بەخۆمانداناچینەوە و باوەش بۆ هاوڵاتیان بکەینەوە و متمانە بگەڕێنینەوە و بەو پەڕی بوێری دان بە هەڵە و قەیرانە ئابووری و کلتووری و سیاسی-یەکانمان نەنێن و لە هۆکار و لێکەوتە و مەترسیەکانی ئاییندە بکۆڵینەوە !! گەورەترین کێشەی هەموو وڵاتان و ئێمەش ئەوەیە کە هاوڵاتی دەنگی نەبیسترێت و پەڕاوێزبخرێت و مافی پارێزراو نەبێت و دادپەروەری قانون بێجیاوازی بەسەر هەمووان جێبەجێ نەکرێت…گەشەپێدان هەر لە دروستکردنی تاوەر و ڕێگاوبان سنووردار نابێت ، بەڵکو لە متمانەی هاوڵاتیە کە نیشتیمانێک هەیە دەیپارێزێت نەک دایدەچۆڕێنێت ، هاوڵاتی متمانە بەچی بکات کە بەرپرس لەو تاجەتاوەرە بڵندە نێتە خوارەوە و جگە لەوەش تەلەفۆنی داخراوە و کەس گوێ لە سکاڵا و ئازارەکانی ناگرێت ، هاوڵاتی تاوانی چییە ؟ دەیەوێت کەسێک گوێی لێبگرێت…یەکێک لە چیرۆکە جوانەکانی نوسەری ڕووسی ( ئەنتوان تیشیخۆف )ی پێشەنگی چیرۆکی کورت لەجیهان…ئەو چیرۆکەیە کە شۆفێری گالیسکە کە هەسپێک لێی دەخوڕێت و ، شوفێرەکە ئێش و ئازارێکی زۆری هەیە و ئەوەی سواری گالیسکەکە دەبێت بۆی باسدەکات ، بەڵام کەس گوێی لێڕاناگرێت و ناچار سکاڵا و ئازارەکانی بۆ ئەسپەکە باسدەکات….هاوڵاتی تووخمێکی پەراوێزخراو نیە ، هاوڵاتی بنچینەی هاوکێشەکە و هەموو سیاسەتەکان لەپێناوی ئەودا بونیاتدەنرێت ، ڕاستە سەرکردایەتی ڕوئیا و تموحی هەیە ، بەڵام خەونەکان تەنها بە بڕیارەکان نایەتەدی ، پڕۆژە گەورەکان پێویستی بەو دەستانە هەیە کە کار دەکەن ، بەو مێشکانەی کە بەشدارن ، بەشداریکردنی خەڵک و وەڵامدانەوەی داخوازیەکانیان مەرجی جەوهەریە بۆ بووژانەوەی ڕاستەقینە ، بەرپرس کە ئەو پۆستە حکومیەی وەرگرتووە بۆ ئەوە نەهاتووە خۆی گۆشەگیر بکات و گوێ لە سکاڵای هاوڵاتی لەسەر ئازار و ناخۆشی و بارگرانایی ژیان نەگرێت ، وەک ئەوەی ئێستا هەندێک لە بەرپرسان دەیکەن ، چۆن متمانە و وەلا بمینێت کە بەرپرس بێئاگا بێت لە پێداویستی هاوڵاتی و ئازارەکانی ، جەوهەری گرێبەستی کۆمەڵایەتی نێوان دەوڵەت و هاوڵاتیەکانی لەسەر متمانەی بەرانبەر یەکتر وەستاوە ، ئەگەر هاوڵاتیت لەناو گرانیی و نەبوونی شەفافیەت و نایەکسانی جێهێێشت ، ئەوە وەبەرهێنان و پڕۆژەی زەبەلاح سوودی نابێت بۆ پڕکردنەوەی کەلێنە زیادەکانی نێوان دەوڵەت و گەلەکەی ، بەڵام دەبێت هەموو لایەک ئەوە بزانن کە مێژوو باشترین مامۆستایە و فێریکردووین کە بەدرێژایی مێژوو هەر هێزێکی گەردوونی هەرچەند لە دەسەڵات و هێز و پارە بەهێزیش بووبێت ئەگەر متمانەی هاوڵاتی لەدەستدا و بەها و ڕەوشت و پڕنسیبی نەبێت بۆ ئیدارەدان ، ئەوە بەناچای لەناو دەچێت…با هەموومان پێکەوە بیر لە ئاییندەی دوور بکەینەوە ، با دوای ( 30 ) ساڵ لە حوکمڕانی بیر لە کوردستان بکەینەوە ، ئایا هەلێک هەیە بۆ دەرچوون لەو دوڕیانە ترسناکە ؟ بەڵی هەل هەن ، دەکرێت کوردستان گەشەبکات و ببێتە خاوەن دۆخێکی تایبەت ، ئەگەر بێتوو سوود لە تواناکانی ئەو گەلە بێجیاوازی لە هەموو بوارەکاندا و مێژووەکەی وەربگیرێت .