ئەردۆغان لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ: یارمەتیدەر دەبێ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، لەو باوەڕەدایە کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا یارمەتیدەر دەبێ‌ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەکەدا.

ايلول 20, 2025 - 16:51
ئەردۆغان لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ: یارمەتیدەر دەبێ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ
رۆژی شەممە 20ـی ئەیلوولی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (NSosyal) پەیامێکی لەبارەی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڵاوکردەوە کە بڕیارە رۆژی 25ـی مانگ لە کۆشکی سپی بەڕێوەبچێ.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا نوسیوویەتی: "لە دیداری هاوتا و دۆستە بەڕێزەکەم، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە لە کۆشکی سپی بەڕێوەدەچێ، پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان دوو وڵات و لەسەرووی هەموویانەوە پرسەکانی بازرگانی، وەبەرهێنان و پیشەسازیی بەرگری و زۆر بابەتی دیکە تاوتوێ دەکەین."
 
ئەردۆغان نوسیوویەتی: "لەو باوەڕەدام دیدار لەگەڵ سەرۆک ترەمپ، لە چوارچێوەی روانگەی هاوبەشی ئاشتیی جیهانیمان، یارمەتیدەر دەبێ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا و هاریکارییەکانی نێوان دوو وڵات بەهێزتر دەکات".
 
شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسی: "خۆشحاڵم 25ی ئەیلوول لە کۆشکی سپی میوانداریی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکەم." 
 
ترەمپ گوتی: "لەگەڵ سەرۆک [ئەردۆغان] کار لەسەر زۆر گرێبەستی بازرگانی و سەربازی دەکەین، لەنێویاندا کڕینی ژمارەیەکی زۆری فڕۆکەی بۆینگ، گرێبەستێکی گەورەی فڕۆکەی F-16 و بەردەوامبوونی گفتوگۆ سەبارەت بە فڕۆکەی F-35 کە پێشبینی دەکەین بە شێوەیەکی ئەرێنی تەواو بێت".
 
دوایین سەردانی ئەردۆغان بۆ کۆشکی سپی، لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ لە ساڵی 2019 بوو.
 
ترەمپ دەڵێت: "من و سەرۆک ئەردۆغان بەردەوام پەیوەندییەکی باشمان هەبووە. چاوم لەوەیە لە 25ی ئەیلوول بیبینم."
 
ئەگەرچی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی ترەمپدا لە ساڵی 2017 تا 2021، "پەیوەندییەکی باش" لەنێوان ترەمپ و ئەردۆغان هەبوو، بەڵام بەهۆی پشتیوانیی واشنتن بۆ رۆژئاوای کوردستان لە لایەک و پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ مۆسکۆ لە لایەکی دیکە، پەیوەندی نێوان حکومەتەکانی ئەمریکا و تورکیا ساردبوونەوەیان بەخۆوە بینی. 
 
تورکیا لە ساڵی 2019 ئیدارەی ترەمپی زویر کرد کاتێک سیستمی بەرگریی ئێس 400ی لە رووسیا کڕی. لە وەڵامی ئەوەدا واشنتن فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی F-35ی بە تورکیا هەڵوەشاندەوە و لە پڕۆگرامی هاوبەشی پەرەپێدانی ئەو جۆرە فڕۆکانەی کردە دەرەوە. دواتر تورکیا رازیبوو فڕۆکەی F-16  لە ئەمریکا بکڕێت.
 
 سەرچاوە:ڕووداو