ماکرۆن: هەسەدە بەهێزە و لە بەرژوەندیی سووریایە تێکەڵی سوپا ببێت
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، پێی باشە شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) تێکەڵ بە سوپای سووریا ببن و دەشڵێت، ئەوە زیاتر خزمەت بە سووریا دەکات چونکە ئەوان شەڕڤانی بەهێزن.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، پێی باشە شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) تێکەڵ بە سوپای سووریا ببن و دەشڵێت، ئەوە زیاتر خزمەت بە سووریا دەکات چونکە ئەوان شەڕڤانی بەهێزن. ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا لە پاریس کە سەبارەت بە دۆخی سووریا رێکخراوە، ئەو قسانەی کرد. ماکرۆن گوتی، "ئێمە وەفاداریمان هەیە بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە هاوپەیمانێکی بەنرخ بوون لە جەنگی دژی تیرۆر. ئێمە وەفادارین لە بەرامبەر هاوپەیمانەکانمان چونکە دەزانین چۆن قەرزاریانین. هێزەکانی سووریای دیموکرات بوون کە بە ئازایەتییەوە شان بە شانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕیان کرد". گوتیشی، "پێموایە لەم ساتەدا، ئەرکی ئێمەیە کە بەرژەوەندییەکانی [هەسەدە] بپارێزین و وازیان لێ نەهێنین وەک ئەوەی هەوڵماندا لە 2018 بیکەین، کاتێک کشانەوەی سەرەتایی هەبوو". سەرۆکی فەرەنسا روو بە بەرپرسان و سیاسییەکانی سووریا لە کۆنفرانسەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، کە لە بەرژەوەندی سووریایە شەڕڤانانی هەسەدە تێکەڵی سووپا ببن "چونکە ئەوان بەهێزن". ماکرۆن پێی گوتن، "دەمەوێت لێرەدا پێتان بڵێم کە تێکەڵبوونی تەواوی ئەوان [هەسەدە] لە قۆناخی راگوزەری سووریادا، سەرەتا خزمەت بە ئامانجی ئاسایشی ئێوە دەکات، چونکە ئەوان شەڕکەری بەهێز و زۆرن. پێشموایە بەرپرسیارێتی ئێوە ئەمڕۆ ئەوەیە کە تێکەڵیان بکەن و رێگەشیان پێبدەن ببنە بەشێک لەو هێزانەی کە هەمان ئامانجیان هەیە، بۆ شەڕکردن دژی ئەو گرووپە تیرۆریستییانەی سەقامگیریتان تێکدەدەن، هەروەها بۆ پاراستنی سەروەریتان".
سەرچاوە: ڕووداو