نرخی زێڕ بەرزبووەوە بۆ 3360 دۆلار
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە بەهۆی نادڵنیاییەکانی پەیوەست بە پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا و دابەزینی بەهای دۆلار بەرزبووەوە.

لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، رۆژی چوارشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە رێژەی 0.6% بەرزبووەوە و 3370 دۆلاری تێپەڕاند، بەڵام دوای چەند کاژێرێک لە بەڕێوەچوونی مامەڵەکان کەمێک دابەزییەوە و ئێستا بە نزیکەی 3360 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا ئۆنسەیەکی بە 3390 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (ئواندا) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دابەزینی نرخی زێڕ بۆ ئاستەکانی 3330 دۆلار لە رۆژی سێشەممە، هەندێک لە بازرگانانی هاندا دەست بە کڕینەوەی زێڕ بکەن."
ئەو شارەزایە پێیوایە، "دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە، پاڵپشتیی زیاتری بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە."
ناڕوونیی زۆر هەیە سەبارەت بە پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا لەسەر چین و ئەورووپا، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار.
رۆژی چوارشەممە ئێندێکسی دۆلار بە رێژەی 0.1% دابەزی.
سەرچاوە: ڕووداو